گەلاوێژ ساڵح فەتاح؛ وێستگەکانی ژیان لە سایەی خەبات، ئەدەب و غوربەتدا
وێستگە ستایل-
گەلاوێژ ساڵح فەتاح؛ وێستگەکانی ژیان لە سایەی خەبات، ئەدەب و غوربەتدا
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
خاتوو گەلاوێژ ساڵح فەتاح، نووسەر و هاوسەری ڕابەری کۆچکردووی کورد مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد، پەردە لەسەر وێستگە سەرەکییەکانی ژیانی منداڵی، دەربەدەری، هاوسەرگیری و بەرهەمە ئەدەبییەکانی لادەدات؛ ژیانێک کە لە ناو جەرگەی خەباتی نەتەوایەتی و قۆناغە سەختەکانی مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا تێپەڕیوە.
گەلاوێژخان کە لە ساڵی 1930 لە شاری موسڵ لەدایکبووە و بنەچەی خێزانەکەی بۆ باکووری کوردستان و زاخۆ دەگەڕێتەوە، هەر لە منداڵییەوە لە ماڵی خاڵەکانی (هەمزە عەبدوڵا و محەمەد) ئاشنای کایەی سیاسی بووە. بەهۆی چالاکیی سیاسی خاڵی، لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە لەگەڵ خێزانەکەی بەرەو شارەکانی باشووری عێراق (عەفەک، دیوانییە و قوڕنە) نەفی دەکرێن؛ مانەوە لەو ناوچانە و بەریەککەوتن لەگەڵ دانیشتووان و سروشتی ناوچەکە، دواتر دەبێتە هەوێنی چەندین بەرهەمی ئەدەبیی وەک ڕۆمانی "دیوارەکانی ناو ئاو".
ناوی سەرەتایی ناوبراو (ساجیدە) بووە، بەڵام دوای ئەوەی لە ساڵی 1947 و لە تەمەنی 17 ساڵیدا هاوسەرگیری لەگەڵ مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد دەکات، هاوسەرەکەی ناوی گۆڤارەکەی خۆی واتە (گەلاوێژ)ی لێدەنێت. خاتوو گەلاوێژ هاوشانی بەخێوکردنی هەشت منداڵەکەی و لەنێویاندا پەروەردەکردنی کوڕەکانی خاتوو هێرۆ (بافڵ و قوباد تاڵەبانی) لە سەردەمی سەختی شاخ و غوربەتدا، خاوەنی 26 بەرهەمی ئەدەبییە لە بواری چیرۆک، ڕۆمان و یاداشتنووسین؛ هەروەها لەدایکبوونی کچەکەی (لیلۆز) هاوکات لەگەڵ ئازارەکانی مەرگی شێخ مەحموودی حەفید، ئیلهامبەخشی نووسینی ڕۆمانی بەناوبانگی "ژانی گەل" بووە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە. هاوکات خاتوو گەلاوێژ پەیوەندی و سۆزێکی بێوێنەی بۆ هەڤاڵ مام جەلال هەبووە و وەک کەسایەتییەکی دەگمەن و خۆشەویست وەسفی دەکات.
سەرەڕای ئەوەی ژیانی لە نێو کایەی سیاسی و خێزانێکی تەواو تێکۆشەردا بەسەربردووە و لە وڵاتانی وەک ئێران، میسر، سووریا و بەریتانیا ژیاوە، هەمیشە دوورەپەرێزیی لە کاری فەرمیی حزبی هەڵبژاردووە. لە پاڵ ئەوەشدا، داکۆکیکارێکی سەرسەختی پاراستنی ڕەسەنایەتیی کەلتوور و جلوبەرگی کوردی بووە و هەر دەستکارییەکی بە ناوی مۆدێرنەوە بە زەبر لێدان لە مێژوو زانیوە، هاوکات داوای پاراستنی زمان و شێوازی نووسینی ڕەوان و سادەی کردووە.
ئەم خانمە پێشەنگە بە ژیان و بەرهەمەکانی دەیسەلمێنێت کە ئاستی ڕۆشنبیری و داهێنان تەنیا لە بڕوانامەدا کورت نابێتەوە، بەڵکو لە خۆپێگەیاندن و بەردەوامیدایە؛ بە جۆرێک توانیویەتی لە قۆناغە هەرە سەختەکانی دەربەدەری و پەروەردەکردنی نەوەکاندا، پێگەیەکی ئەدەبی و نیشتمانیی درەوشاوە بۆ خۆی لە مێژووی کوردستاندا تۆمار بکات.
بەشێک لە یاداشت و چاوپێکەوتنی تایبەتی خاتوو گەلاوێژ ساڵح فەتاح
PM:08:04:05/11/2026
ئهم بابهته 472
جار خوێنراوهتهوه