لە دیمەشق مزگەوتی مێژوویی تەکیەی سلێمانی دوای ١٥ ساڵ لە نۆژەنکردنەوە کرایەوە
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
مزگەوتی مێژوویی تەکیەی سلێمانی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا دوای کۆتاییهاتنی پڕۆژەیەکی نۆژەنکردنەوە کە نزیکەی ١٥ ساڵی خایاند، بە فەرمی کرایەوە.
ئەم کۆمەڵگە مێژووییە لە سەدەی شازدەهەم لە سەردەمی سوڵتان سولەیمانی قانوونی و لەسەر دەستی تەلارسازی بەناوبانگی عوسمانی، میعمار سینان دروست کراوە.
مەراسیمی کردنەوەکە بە ئامادەبوونی وەزیرانی ئەوقاف، ڕۆشنبیری، دارایی و گەشتوگوزاری سووریا بەڕێوەچوو وەک هەنگاوێک بۆ بوژاندنەوەی شوێنەوارە ئایینییەکان.
کۆمەڵگەکە لە مێژوودا جگە لە مزگەوت، قوتابخانەیەکی ئایینی، حەوانەوەی ڕێبواران و چێشتخانەیەکی بۆ دابینکردنی خۆراک بۆ هەژاران لەخۆگرتبوو.
نۆژەنکردنەوەی ئەم شوێنەوارە بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستنی ناسنامەی کولتووری، مێژوویی و تەلارسازی دیمەشق بۆ نەوەکانی داهاتوو.
عەرەب نیوز، ئاژانسی سانا (SANA).
PM:11:41:01/11/2026