زانایان ئامارێکی شاراوەی پێوەدانی مار لە جیهاندا ئاشکرا دەکەن کە ساڵانە گیانلەدەستدان تێیدا دەگاتە ٥١٣ هەزار کەس
وێستگە ستایل-
زانایان ئامارێکی شاراوەی پێوەدانی مار لە جیهاندا ئاشکرا دەکەن کە ساڵانە گیانلەدەستدان تێیدا دەگاتە ٥١٣ هەزار کەس
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
توێژینەوەیەکی زانستیی نێودەوڵەتی ئاشکرای کردووە کە کاریگەریی پێوەدانی ماری ژەهراوی لەسەر ئاستی جیهان زۆر گەورەترە لەوەی پێشتر خەمڵێنرابوو، ئەمەش کێشەیەکی گەورەی تەندروستیی گشتییە و ڕووبەڕووی کۆمەڵگە هەژارەکان دەبێتەوە.
توێژەران مەزەندە دەکەن ساڵانە لە نێوان ٢٧٤ هەزار بۆ ٥١٣ هەزار کەس بەهۆی ژەهراویبوونی پێوەدانی مارەوە گیان لەدەست دەدەن. هەروەها توێژینەوەکە دەریخستووە کە لە نێوان ٢.١ ملیۆن بۆ ٧ ملیۆن کەس ساڵانە ڕووبەڕووی پێوەدانی مار دەبنەوە.
لەم توێژینەوەیەدا زانیارییەکانی ٧٩ وڵات پشکنراون و مۆدێلی ئاماری جوگرافی بەکارهێنراوە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو حاڵەتانەی لەلایەن سیستەمی تەندروستی فەرمییەوە تۆمار نەکراون، هاوکات خەمڵێنراوە کە ساڵانە زیاتر لە ٨٠٠ هەزار ڕزگاربوو تووشی کەمئەندامی درێژخایەن دەبن.
ناوچەی خوار بیابانی گەورەی ئەفریقا یەکێکە لە سەخترین ناوچە زیانلێکەوتووەکان کە نزیکەی ٤٥٪ی حاڵەتەکان و گیانلەدەستدانەکانی جیهان لەخۆدەگرێت؛ زۆربەی ڕووداوەکان لە گوندەکاندا ڕوودەدەن کە جووتیاران دەستیان بە پێداویستی خۆپاراستن، فریاگوزاری و دژەژەهری کاریگەر ناگات.
ئەم ئەنجامانە جەخت لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی ژێرخانی پزیشکی، کۆکردنەوەی ئاماری دروستی تەندروستی و دابینکردنی دژەژەهر بە شێوەیەکی فراوان لە ناوچە پڕمەترسییەکاندا دەکەنەوە.
سەرچاوە: زە کۆنڤەرسەیشن / ساینس دەیلی – ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦.
PM:11:23:30/10/2026
ئهم بابهته 64
جار خوێنراوهتهوه