پاتریک ستیوارت، ئەستێرەی دیاری زنجیرە فیلمەکانی ( X-Men ) و )(Star Trek) کۆچی دوایی کرد
وێستگە ستایل-
پاتریک ستیوارت، ئەستێرەی دیاری زنجیرە فیلمەکانی ( X-Men ) و )(Star Trek) کۆچی دوایی کرد
وێستگە ستایل – سۆلین عوسمان
پاتریک ستیوارت، ئەکتەری بەناوبانگی شانۆ و سینەمای بەریتانی کە بە ڕۆڵە مێژووییەکانی وەک پڕۆفیسۆر چارڵز زەڤیەر لە زنجیرە فیلمەکانی (X-Men) و کاپتن جین لۆک پیکارد لە (Star Trek) ناوبانگی جیهانی پەیدا کردبوو، دوێنێ شەو لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا لە ماڵەکەی خۆی لە شاری لۆس ئەنجەلەس کۆچی دوایی کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نوێنەری فەرمی و خێزانەکەی، ستیوارت لە قۆناغی کۆتایی تەمەنیداببە دەست نەخۆشییەکانی ئەلزەهایمەر و خەڵەفانی جەستەی لێوی (Lewy Body Dementia) دەیناڵاند کە کاریگەرییان لەسەر توانای بیرکردنەوە و چالاکییەکانی مێشکی دروستکردبوو، و ساتەکانی کۆتایی ژیانی لە نێو خانەوادەکەی و لەژێر چاودێری هاوسەرەکەی سانی ئۆزێڵ بەڕێکردووە.
ئەم هونەرمەندە بە ئەزموونە کاروانێکی پڕشنگداری تۆمار کردبوو؛ لە ساڵی ١٩٨٧ بە ڕۆڵی کاپتن جین لۆک پیکارد لە زنجیرەی (Star Trek: The Next Generation) جیهانی بە تواناکانی سەرسام کرد و بۆ حەوت ساڵ لەو ڕۆڵەدا مایەوە، و دواتریش لە چەندین فیلم و زنجیرەی تایبەت بە هەمان کارەکتەر دەرکەوتەوە. هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٠ بە بەرجەستەکردنی ڕۆڵی پڕۆفیسۆر چارڵز زەڤیەر لە (X-Men) بووە یەکێک لە دیارترین کەسایەتییەکانی سینەمای سوپەرهێرۆ. لەگەڵ سینەمادا، هەرگیز لە شانۆ دانەبڕا و بەشداری لە چەندین شاکاری وەک (هاملێت) و «ماکبێس»دا کرد. ستیوارت براوەی سێ خەڵاتی ئۆلیڤیێ و خەڵاتێکی گرامی بوو، و لە ساڵی ٢٠١٠دا لەلایەن شاژنە ئەلیزابێسی دووەم نازناوی شوالێری (Sir)ی پێ بەخشرا.
پاتریک هێوز ستیوارت لە ١٣ی تەمموزی ١٩٤٠ لە شاری میرڤیلدی باکووری ئینگلتەرا لە خێزانێکی کرێکاری هەژار لەدایک بوو. لە تەمەنی ١٢ ساڵییەوە لە شانۆی ئامادەییدا بەهرەکەی دەرکەوت و هۆگری ئەدەبی شەکسپیر بوو، بە جۆرێک لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا قوتابخانەی بەجێهێشت و دوای ماوەیەک کارکردن لە بواری ڕۆژنامەگەری، چووە پەیمانگەی شانۆی Bristol Old Vic. لە ساڵی ١٩٥٩ یەکەم ئەزموونی پرۆفیشناڵی دەستپێکرد و لە ساڵی ١٩٦٦ پەیوەندی بە کۆمپانیای شانۆیی شاهانەی شەکسپیر (RSC) کرد، کە بۆ ماوەی ١٤ ساڵ لەگەڵیاندا ڕۆڵی لە گرنگترین دەقە کلاسیکییەکاندا گێڕا.
کۆچی دوایی ئەم ئەکتەرە کە نزیکەی ٦٧ ساڵ بەردەوام بوو لە بەخشین، کۆتاییهێنانە بە سەردەمی هونەرمەندێکی دەگمەن کە بە دەنگە قووڵەکەی و ئامادەییە بەهێزەکەی سەر تەختەی شانۆ و شاشەی سینەما، توانی پردێک لە نێوان شاکارە کلاسیکییەکانی شەکسپیر و جیهانی فانتازیا و خەیاڵی زانستیدا دروست بکات، و یادەوەریی کارەکتەرەکانی بۆ هەمیشە لە مێژووی سینەمادا بە نەمری دەمێننەوە.
Associated Press، Reuters، ABC News، Bristol Old Vic Theatre School.
PM:05:02:30/10/2026
ئهم بابهته 284
جار خوێنراوهتهوه