‌ترشبوونی زەریاکان دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ماددە خۆراکییەکان و کەمبوونەوەی بەرهەمی دەریایی

وێستگە ستایل-

ترشبوونی زەریاکان دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ماددە خۆراکییەکان و کەمبوونەوەی بەرهەمی دەریایی 


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری نەیچەر کۆمیونیکەیشنز بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرای دەکات کە ترشبوونی ئاوی زەریاکان پەیوەندیی بە کەمبوونەوەی ماددەی سلیکۆن و دابەزینی بەرهەمداریی زیندەییەوە هەیە لە کەناراوەکانی زەریای هێمندا.


ترشبوونی زەریاکان کاتێک ڕوودەدات کە ئاوی دەریا گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگەهەواوە هەڵدەمژێت، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی کیمیایی کە ئاستی ترشی (pH)یbئاوەکە دادەبەزێنێت؛ زاناکان ساڵانێکی زۆرە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوە دەکەن کە ئەمbدیاردەیە چۆن زیان بەو زیندەوەرانە دەگەیەنێت کە پێکهاتەی پارێزەریان لە کاربۆناتی کالسێۆم یان سلیکا دروست دەکەن.


ئەم توێژینەوە نوێیە بەدواداچوونی بۆ داتاکانی کەناراوەکان کردووە و دەریخستووە کە دابەزینی ئاستی pH هاوکات بووە لەگەڵ کەمبوونەوەی سلیکۆنی تواوە و ئاستی ماددەی کلۆرۆفیل، ئەمەش بەو مانایەیە کە ترشبوون ڕێگری لە دووبارە بەکارهاتنەوەی سلیکۆن لە ژینگەی دەریاییدا دەکات.


سلیکۆن ماددەیەکی زۆر گرنگە بۆ قەوزە وردبینەکان (دیاتۆمەکان) کە توێکڵی سلیکۆنی دروست دەکەن و ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە بەرهەمداریی زەریاکان و زنجیرەی خۆراک و سووڕی کاربۆنی جیهانیدا دەگێڕن.


توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەنجامەکان پەیوەستن بەو ناوچەیەی توێژینەوەکەی تێدا کراوە، بۆیە پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا هەموو زەریاکان بە هەمان شێوە زیانیان بەرکەوتووە یاخود نا.


ئەم توێژینەوەیە پەیوەندیی پتەوی نێوان هاوسەنگیی کیمیایی زەریاکان، زیندەوەرە بچووکەکان، سامانی ماسی و سیستەمی کەشوهەوای زەوی دەسەلمێنێت.


گۆڤاری زانستیی نەیچەر کۆمیونیکەیشنز (Nature Communications)


PM:11:28:24/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل