‌کۆمپانیایەکی هۆڵەندی فڕۆکەیەکی کارەبایی بە توانای ٩٠ سەرنشین تاقی دەکاتەوە

وێستگە ستایل-

کۆمپانیایەکی هۆڵەندی فڕۆکەیەکی کارەبایی بە توانای ٩٠ سەرنشین تاقی دەکاتەوە


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


کۆمپانیایەکی نوێکاری هۆڵەندی لە قۆناغەکانی گەشەپێداندایە بۆ دروستکردنی فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری کارەبایی کە بە پاتری کاردەکات و دەتوانێت نزیکەی ٩٠ سەرنشین لە گەشتە ناوچەییەکاندا بگوازێتەوە.


ئەم پڕۆژەیە لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ لە ڕێگەی کەناڵی یۆرۆنیوزەوە ناسێندرا، ئەوەش دوای ئەوەی یەکەمین تاقیکردنەوەی فڕینی نموونەی بچووککراوەی فڕۆکەکە بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرا.


فڕۆکەکە ناوی (E9X)ە و لەلایەن کۆمپانیای ئەلیزیان (Elysian Aircraft)ەوە بەرهەم دەهێنرێت، بە شێوازێک دیزاین کراوە کە پاترییەکان لەناو باڵە گەورەکانیدا جێگیر دەکرێن و مەودای فڕینەکەی سەرەتا ٨٠٠ کیلۆمەتر دەبێت بە ئامانجی ئەوەی لە قۆناغی دواتردا بگاتە ١٠٠٠ کیلۆمەتر.


پیشەسازیی فڕۆکەوانیی جیهانی یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی دەردانی گازی ژەهراوی، هەربۆیە هەوڵێکی بەرفراوان دەستیپێکردووە بۆ بەکارهێنانی وزەی کارەبا و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سوتەمەنییە نەوتییەکان.


کۆمپانیاکە پلانی هەیە تا ساڵی ٢٠٣٤ ئەم فڕۆکەیە بخاتە بواری خزمەتگوزارییەوە، بەڵام سەرکەوتنی کۆتایی پڕۆژەکە پەیوەستە بە بەرەوپێشچوونی کێشی فڕۆکەکە، کاتی بارگاویکردنەوەی پاترییەکان و دابینکردنی مەرجەکانی سەلامەتی.


یۆرۆنیوز


PM:11:14:23/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل