‌بەهۆی گەرماوە زیاد لە ٥٠ هەزار کەس لە شارەکانی ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە

وێستگە ستایل-

بەهۆی گەرماوە زیاد لە ٥٠ هەزار کەس لە شارەکانی ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە شەپۆلەکانی گەرمای توند لە وەرزی هاوینی ساڵی ٢٠٢٦دا بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ٥٠ هەزار هاووڵاتی لە ناوچە شارییەکانی ئەوروپادا.


ئەم ئامارە لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ بڵاوکرایەوە و ئاماژە بە زیانە گەورە تەندروستییەکانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای گۆی زەوی و شەپۆلە گەرمە یەکبەدوایەکەکان دەکات.


توێژەران بە بەکارهێنانی مۆدێلی ئاماری، داتاکانی پەیوەست بە ٨٥٤ ناوچەی شارییان لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، بەریتانیا، نەرویج و سویسرا تاوتوێ کردووە، دەرکەوتووە نزیکەی ٣٢ هەزار لەو مردنانە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەگەڕێنەوە بۆ گۆڕانی کەشوهەوای دەستکردی مرۆڤ، و تەنها لە نێوان ١٧ی حوزەیران تا ١ی تەممووز نزیکەی یەک لەسەر سێی هەموو مردنەکان تۆمارکراون.


هاوینەکانی ئەوروپا لە ساڵانی دواییدا گەرمایەکی بێوێنە بەخۆیانەوە دەبینن، ئەمەش بە تایبەت ژیانی بەساڵاچووان و ئەو کەسانە دەخاتە مەترسییەوە کە نەخۆشیی دڵ و هەناسەدانیان هەیە.


زانایان هۆشداری دەدەن لەوەی زۆرجار هۆکاری ئەم گیانلەدەستدانانە بە فەرمی وەک قوربانیی گەرما تۆمار ناکرێن، هەر بۆیە داوای دانانی سیستەمی هۆشیارکردنەوەی پێشوەختە، زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و کەمکردنەوەی خێرای دەردانی گازە گەرمکەرەکان دەکەن.


ناوەندە ئەوروپییەکانی چاودێریی کەشوهەوا


PM:11:14:23/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل