بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی ٧.٠ پلە لە تبت لانیکەم ١٦ کوژراو و دەیان برینداری لێکەوتەوە
بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی ٧.٠ پلە لە تبت لانیکەم ١٦ کوژراو و دەیان برینداری لێکەوتەوە
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
بومەلەرزەیەکی توند بە گوڕی ٧.٠ پلەی ڕێختەر ناوچەی ناگقوی لە هەرێمی تبتی سەر بە وڵاتی چین هەژاند، و بەپێی ئامارە فەرمییەکان بووە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم ١٦ کەس و برینداربوونی دەیانی دیکە.
تیمەکانی فریاگوزاری دەستبەجێ گەیشتوونەتە ناوچە زیانلێکەوتووەکان بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوشەکە و بەهاناوەچوونی هاووڵاتییان، هەروەها زیاتر لە ١٢ هەزار کەس لە ترسی داڕمانی بیناکان بۆ شوێنی پارێزراوتر گواستراونەتەوە.
ناوەندی تۆڕەکانی بومەلەرزەی چین بڵاویکردەوە کە سەدان پاشلەرزە لە دوای بومەلەرزە سەرەکییەکە تۆمار کراون، ئەمەش مەترسیی داڕمانی ئەو بینا و ماڵانەی زیاتر کردووە کە لە دروستبوونی لەرینەوەی یەکەمدا درزیان بردووە.
ناوچەی تبت بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی لەسەر هێڵی چالاکی چینەکانی زەوی و بەرزیی ئاستەکەی لە ڕووی دەریاوە، بەردەوام ڕووبەڕووی لەرینەوە و بومەلەرزەی لەم شێوەیە دەبێتەوە.
بەرپرسانی فریاکەوتن ڕوونیان کردووەتەوە کە دووریی ناوچەکە و سەختیی کەشوهەوا بوونەتە ئاستەنگ لە بەردەم گەیاندنی خێرای هاوکارییەکان، هاوکات هەوڵەکان بۆ دابینکردنی پێداویستیی سەرەتایی بۆ لێقەوماوان بەردەوامن.
ناوەندی تۆڕەکانی بومەلەرزەی چین
PM:09:36:23/10/2026