سویسرا نزیکەی ٢٠٪ی سەهۆڵبەندانەکانی لە ماوەی پێنج ساڵدا لەدەستداوە
وێستگە ستایل-
سویسرا نزیکەی ٢٠٪ی سەهۆڵبەندانەکانی لە ماوەی پێنج ساڵدا لەدەستداوە
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
ڕاپۆرتێکی نوێ هۆشداری دەدات لەوەی کە وڵاتی سویسرا نزیکەی یەک لەسەر پێنجی قەبارەی سەهۆڵی شاخاوییەکانی لە ماوەی تەنها پێنج ساڵی ڕابردوودا لەدەستداوە.
بەپێی داتاکانی تۆڕی چاودێریی سەهۆڵبەندانی سویسرا، لە ساڵی ٢٠٢٦دا سەهۆڵبەندانەکان ڕووبەڕووی توانەوەیەکی بەرچاو بوونەتەوە و تەنها لەم ساڵەدا زیاتر لە ٥٪ی کۆی قەبارەی سەهۆڵەکەیان توابووەوە، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورە لەسەر ژینگەی ئەڵپ و سەرچاوەکانی ئاو دروست دەکات.
توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە کەمبوونەوەی نائاسایی بەفربارینی زستانە و شەپۆلی گەرمای درێژخایەنی هاوین هۆکاری سەرەکیی توانەوەکە بوون، بەجۆرێک کە
ئەستوورایی سەهۆڵبەندانە گەورەکانی وەک ڕۆن، ئالێتچ و کلاریدن بە تێکڕا ٢.٥ بۆ ٤ مەتر کەمیکردووە و هەندێک سەهۆڵبەندانی بچووکیش بە تەواوی نەماون.
توانەوەی خێرای بەستەڵەکەکان لە چیاکانی ئەڵپ لە دەیەکانی ڕابردوودا بەهۆی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا بەردەوام بووە، بەڵام خێرایی لەدەستدانی سەهۆڵەکان لەم چەند ساڵەی دواییدا گەیشتووەتە ئاستێکی بێپێشینە.
زانایان هۆشداری دەدەن کە هەرچەندە ئاوی توانەوە بە شێوەیەکی کاتی لە وەرزە گەرمەکاندا ڕووبارەکان پڕ دەکات، بەڵام لەدەستدانی درێژخایەنی سەهۆڵەکان دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی سازگار، تێکچوونی سیستەمی ژینگەی شاخەکان، کەمبوونەوەی گەشتیاری و
تێکچوونی سەقامگیریی سروشتی لە ناوچەکانی ئەڵپدا.
تۆڕی چاودێریی سەهۆڵبەندانی سویسرا
PM:09:34:23/10/2026
ئهم بابهته 68
جار خوێنراوهتهوه