لە لووتکەی ناوبانگی جیهانی و ئەورووپاوە تا مێژوویەکی دێرین؛ ناوی "محەممەد" چۆن سنوورەکانی دیمۆگرافیای بەزاند؟
وێستگە ستایل-
لە لووتکەی ناوبانگی جیهانی و ئەورووپاوە تا مێژوویەکی دێرین؛ ناوی "محەممەد" چۆن سنوورەکانی دیمۆگرافیای بەزاند؟
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
ناوی "محەممەد" لە سەرووی هەموو ناوەکانی دیکەی جیهانەوە وەک باوترین ناوی پیاوان لە مێژووی هاوچەرخدا تۆمار کراوە و ژمارەی هەڵگرانی لە سەرووی ١٥٠ ملیۆن کەسەوەیە. ئەم ناوە پیرۆز و دێرینە، نەک تەنها لە سنووری وڵاتانی ئیسلامیدا لە پێشەنگدایە، بەڵکو لە دڵی گەورەشارەکانی کیشوەری ئەورووپا و ڕۆژئاوادا بووەتە یەکەم هەڵبژاردەی خێزانەکان بۆ ناونانی کۆرپەکانیان و ساڵ لە دوای ساڵیش گەشەسەندنی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت.
بەگوێرەی ئامارە نێودەوڵەتییەکان و بنکەدراوە دیمۆگرافییە باوەڕپێکراوەکان، ناوی محەممەد بە سەرجەم شێوازە جیاوازەکانی نووسین و گۆکردنیەوە لە جیهاندا، زیاتر لە١٥٠ ملیۆن جار تۆمار کراوە و پلەی یەکەمی بێڕکابەری لە نێو ناوی پیاواندا مسۆگەر کردووە، لە کاتێکدا لە ڕیزبەندی ناوی مێینەدا ناوی "ماریا" بە نزیکەی ٦١ ملیۆن کەس لە پلەی دووەمدایە. لەسەر ئاستی جوگرافی، وڵاتی پاکستان لە پێشەنگی وڵاتانی جیهاندایە و تەنها زیاتر لە ٧.٤ ملیۆن کەس بە ناوی ڕاستەوخۆی "محەممەد" تۆمار کراون؛ بە جۆرێک لە هەر ٣٤ هاووڵاتییەکی ئەو وڵاتە کەسێکیان ناوی محەممەدە، بێجگە لەوەی بە شێوەیەکی بەربڵاو وەک پێشگر لە پێش ناوەکانی دیکەوە بەکاردێت. هاوکات لە دوای پاکستان، وڵاتانی میسر، نایجیریا، هیندستان و بەنگلادیش لە ڕیزبەندی پێشەوەی ئەو دەوڵەتانەن کە دەیان ملیۆن هاووڵاتییان ئەم ناوەیان هەڵگرتووە.
لەم ساڵانەی دواییدا دیاردەی بڵاوبوونەوەی ناوی "محەممەد" لە وڵاتانی ئەورووپادا بووەتە جێی سەرنجێکی فراوان. لە ئینگلتەرا و وێڵز، لە ئامارە فەرمییەکانی لەدایکبووندا ناوی "محەممەد" بەردەوام لە پلەی یەکەمی ناوی کوڕانی تازەلەدایکبوودایە، بە جۆرێک لە ساڵێکدا بە تەنیا ڕێنووسی "Muhammad" نزیکەی ٦ هەزار منداڵ ناونراون و پێش ناوی نووح کەوتووە، کاتێک هەموو شێوازەکانی نووسینیشی کۆدەکرێنەوە ژمارەکە لە ٨ هەزار و ٥٠٠ منداڵ تێدەپەڕێت و لە بەریتانیا لە هەر ٤٠ منداڵێکی تازەلەدایکبوو، یەکێکیان ناوی محەممەدە. هاوکات لە بەلجیکا و لە شارەکانی وەک برۆکسل و ئەنتوێڕپ ناوەکە لە سەرووی لیستەکانەوەیە؛ لە ئەڵمانیاش بە تایبەت لە بەرلین، برێمن و هامبۆرگ چووەتە پێشەنگی ڕیزبەندییەکان. ئەم دۆخە لە فەڕەنسا، نەرویج و هۆڵەنداش بە هەمان شێوەیە و لە شارەکانی ئۆسلۆ، ئەمستەردام و ڕۆتەردام ناوی محەممەد لە نێو دە باوترین ناوی کوڕاندایە. تەنانەت لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش ناوەکە هەڵکشانی خێرای بەخۆیەوە بینیوە و چووەتە نێو لیستی باوترین ناوەکان. لە بەرامبەر ئەم گەشەکردنە جیهانییەدا، لە نیسانی ساڵی ٢٠١٧دا دەسەڵاتدارانی چین لە هەرێمی شینجیانگ ناونانی منداڵانی تازەلەدایکبوویان بە ناوی "محەممەد" و کۆمەڵێک ناوی دیکەی ئیسلامی قەدەغە کرد بە پاساوی کەمکردنەوەی کاریگەرییە ئایینییەکان لە دەوڵەتدا.
ئەم ناوە مێژوویەکی دەگمەنی هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ پێش پەیامی ئیسلام. لە سەردەمی نەفامیدا ناوی محەممەد لە نێو هۆزە عەرەبەکاندا ناوێکی زۆر دەگمەن و نامۆ بوو. کاتێک عەبدولموتەلیبی باپیری پێغەمبەر ئەو ناوەی لە نەوەکەی نا، هۆزی قورەیش سەریان سووڕما چونکە پێشتر لە ناو باوباپیرانیاندا نەبوو، کاتێک لێیان پرسی بۆچی ئەو ناوەت لێناوە، لە وەڵامدا گوتی: "ویستم لە ئاسمان لەلایەن خوداوەند و لە زەویشدا لەلایەن خەڵکەوە ستایشکراو بێت". لە مێژووشدا هاتووە کە تەنیا کەمتر لە حەوت کەس پێش ئیسلام بەو ناوە ناونرابوون، ئەویش بەهۆی ئەوەی باوکیان لە ئەهلی کیتابەوە پێشبینیی هاتنی پێغەمبەرێکیان بەو ناوە بیستبوو بەو ئاواتەی لە بنەماڵەی ئەوان بێت. لە سەردەمی نوێشدا، یەکێک لە ڕووداوە مێژووییە ناودارەکان، گۆڕینی ناوی پاڵەوانی بۆکسێنی جیهانی "کاسیۆس کلای" بوو لە ساڵی ١٩٦٤ بۆ "محەممەد عەلی"، کە بووە وەرچەرخانێکی مەزن بۆ ناساندن و بەخشینی هێمایەکی کولتووری و ئازادیخوازی بەم ناوە لە ڕۆژئاوادا.
لە کۆتاییدا، ناوی "محەممەد" تەنیا ناوێکی ئاسایی نییە، بەڵکو بووەتە ئاوێنەیەکی ڕوونی گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکان، فرەچەشنیی کولتووری و بەستەرێکی ڕۆحیی قوڵ لە نێوان نەوەکاندا. بوونی زیاتر لە ٣٠٠ شێوازی جیاوازی نووسین و گۆکردن لە زمانە جۆربەجۆرەکانی جیهاندا و مانەوەی لە لووتکەی ناوەکان بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤٠٠ ساڵ بەبێ کاڵبوونەوە، ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەم ناوە لە ڕیزی پڕکاریگەرترین و نەمرترین پەیڤەکانی مێژووی مرۆڤایەتیدا دەمێنێتەوە.
PM:07:41:20/10/2026
ئهم بابهته 216
جار خوێنراوهتهوه