بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری ڕوو لە ناوچەکە دەکات و شەپۆلێکی چڕی بارانبارین دەستپێدەکات
وێستگە ستایل-
بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری ڕوو لە ناوچەکە دەکات و شەپۆلێکی چڕی بارانبارین دەستپێدەکات
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
لە سبەینێ دووشەممەوە بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە، پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن و کەشوهەوا بەرەو ناسەقامگیری و بارانبارین دەڕوات.
پاشەکشەی ئەو بەرزە پەستانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کاریگەریی لەسەر ناوچەکانی گەرمیان، سلێمانی، هەڵەبجە و ڕاپەڕین دروست کردبوو، ڕێگە خۆش دەکات بۆ هاتنی کەشوهەوایەکی ناسەقامگیر و بەمەش دۆخی بارانبارین لە سەرجەم ناوچەکاندا بە ئاڕاستەی باشتربوون دەگۆڕێت.
بەپێی پێشبینییەکان، کاریگەریی ئەم بارستە هەوایە دەبێتە هۆی دابەزینی پلەکانی گەرما بە ڕێژەی (٣ تا ٤) پلەی سیلیزی. هاوکات لە ڕۆژی سێشەممەوە بەهۆی گەیشتنی شێی خولگەیی ناسەقامگیری بۆ کەشوهەوا دەگەڕێتەوە، هەروەها لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەدا کاریگەریی ئەم شەپۆلە بارانبارینە زیاتر و چڕتر دەبێتەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا بەرزە پەستانێک لەسەر بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان جێگیر ببوو، ئەمەش هۆکار بوو بۆ جێگیریی کەشوهەوا و ڕێگریکردن لە دروستبوونی هەور و بارانبارین لە سنووری ناوچەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین.
چاوەڕوان دەکرێت بە هاتنی ئەم بارستە هەوا ساردە و شێی خولگەیی، تا کۆتایی هەفتە ناوچەکە بەتەواوی بکەوێتە ژێر کەشێکی پاییزەی سارد و باراناوی، کە بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو گۆڕانکارییەکی کەشوهەوایی تەواو بەرچاو دەبێت.
کەشناس هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی
PM:09:27:18/10/2026
ئهم بابهته 1960
جار خوێنراوهتهوه