نهێنییە نوێیەکانی شانەدەر؛ ٧٥ هەزار ساڵ لەنێوان توندوتیژی و سۆزی مرۆڤایەتیدا
وێستگە ستایل-
نهێنییە نوێیەکانی شانەدەر؛ ٧٥ هەزار ساڵ لەنێوان توندوتیژی و سۆزی مرۆڤایەتیدا
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
لە دەستکەوتێکی زانستیی هاوبەشدا لەنێوان هەرێمی کوردستان و زانکۆی کەیمبریجی بەریتانی، توێژینەوەیەکی نوێ پەردە لەسەر دوو ڕەهەندی دژبەیەکی ژیانی مرۆڤی نیاندەرتاڵ لادەدات لەسەر پاشماوەی ٧٥ هەزار ساڵەی ناسراو بە (شانەدەر A).
توێژینەوەکە بە هاوبەشی لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەرێمی کوردستان و زانکۆی کەیمبریجی بەریتانی ئەنجام دراوە، کە تیایدا بە سەرپەرشتیی دکتۆر ئێما پۆمیرۆی، پشکنین و لێکۆڵینەوەی ورد بۆ ئێسکەپەیکەری ئەم مرۆڤە سەرەتاییە کراوە بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی ژیان، ئاستی پەیوەندییەکان و هۆکاری گیانلەدەستدانی.
بەپێی دەرەنجامەکان، لە ئێسکی شانی ئەم نیاندەرتاڵەدا کونێکی ١٥ ملیمەتری دۆزراوەتەوە، کە دەکرێت دێرینترین بەڵگەی بەکارهێنانی توندوتیژی و ڕمی دارین بێت کە ئاراستەی دڵی کرابێت. سەرەڕای ئەم کۆتاییە خوێناوییە، دەرکەوتووە هەمان کەس پێشتر بەهۆی برینێکی قورسی دەموچاوییەوە لانیکەم بۆ ماوەی ساڵێک لەژێر چاودێری و میهرەبانیی هاوەڵەکانیدا ماوەتەوە تا برینەکەی ساڕێژ بووە؛ ئەمەش سەلمێنەری بوونی هاوسۆزی و پەیوەندیی قووڵی کۆمەڵایەتییە لە نێوان مرۆڤە سەرەتاییەکاندا.
ئەشکەوتی شانەدەر لە مێژوودا وەک یەکێک لە پڕبایەخترین ناوەندە شوێنەوارییەکانی جیهان بۆ تێگەیشتن لە مرۆڤی نیاندەرتاڵ ناسراوە، کە پێشتریش چەندین بەڵگەی لەسەر ئاستی هۆشیاری، شاردنەوەی تەرم و ژیانی کۆمەڵایەتیی ئەو مرۆڤانە پێشکەش بە زانست کردووە و تێڕوانینی جیهانی بۆ ژیانی سەرەتایی مرۆڤایەتی گۆڕیوە.
ئەم هاوکارییە نێودەوڵەتییە، جیا لەوەی زانیارییەکانی مرۆڤایەتی لەبارەی ڕەفتار و ژیانی نیاندەرتاڵەکان دەوڵەمەندتر دەکات، جارێکی تر پێگە و گرنگیی گەورەی ناوچە شوێنەوارییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی جیهان دووپات دەکاتەوە.
گۆڤاری زانستیی نێودەوڵەتیی (Scientific Reports) - بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور و زانکۆی کەیمبریج
PM:10:33:15/10/2026
ئهم بابهته 112
جار خوێنراوهتهوه