‌ئامێرە گوازراوەکانی وزەی خۆر دەبنە ئامرازێکی گرنگ لە هاوکارییە مرۆییەکان و فریاگوزاریی کارەساتەکاندا

وێستگە ستایل-

ئامێرە گوازراوەکانی وزەی خۆر دەبنە ئامرازێکی گرنگ لە هاوکارییە مرۆییەکان و فریاگوزاریی کارەساتەکاندا


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


کەلوپەل و سیستەمە گوازراوەکانی وزەی خۆر ڕۆڵێکی گرنگ لە فریاگوزارییە مرۆییەکاندا دەگێڕن و یارمەتیی خێزانە ئاوارەکان و ئەو کۆمەڵگانە دەدەن کە تووشی کارەسات بوون تا دەستیان بە کارەبای سەرەتایی بگات لە کاتێکدا سیستەمە تەقلیدییەکان لەکارکەوتوون. ڕێکخراوە فریاگوزارییەکان دەڵێن بەهۆی باشتربوونی ئامێرەکان و دابەزینی تێچووەکانیان، ئەم تەکنەلۆژیایە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کرداریتر دەبێت.


لە ناوچەی تێکنافی بەنگلادیش، کە ئاوارەکانی ڕۆهینگیا لە کەمپەکاندا دەژین، سیستەمەکانی وزەی خۆر کارەبایان بۆ چالاکییە ڕۆژانەکان بۆ خێزانەکان دابین کردووە. خێزانێک کە لە ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسدا ئاماژەی پێکراوە، پانێڵێکی گوازراوەی وزەی خۆریان بۆ بارگاویکردنەوەی مۆبایل، ڕووناککردنەوەی ژوورەکان، یارمەتیدانی منداڵان لە خوێندنی شەوانە و کارپێکردنی پانکە لە کاتی گەرمادا بەکارهێناوە.


بە پێچەوانەی تۆڕە ئاساییەکانی کارەبا، ئامێرە گوازراوەکانی وزەی خۆر دەتوانن بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە تۆڕی سەرەکی کاربکەن. ئەمەش وا دەکات بۆ کۆمەڵگە دوورەدەستەکان، ئەو ناوچانەی لافاو لێیداون و ئەو شوێنانەی کە بەهۆی ململانێ یان تێکچوونی ژێرخانەوە کارەبایان پچڕاوە زۆر بەسوود بن.


سەرەڕای ئەمانە، بەکارهێنانی فراوانتر هێشتا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە؛ ڕێکخراوە مرۆییەکان رووبەڕووی کەمبوونی بودجە، کێشەی دابەشکردنی کەلوپەلەکان و زیادبوونی خواست لەلایەن ئەو کۆمەڵگەیانەوە دەبنەوە کە لە دۆخی نائاساییدان. هەروەها ئەم ئامێرانە پێویستیان بە پاتریی گونجاو، چاککردنەوە و لە کۆتاییدا گۆڕین هەیە.


سەرەڕای ئەم ئاستەنگانە، سیستەمە گوازراوەکانی وزەی نوێبووەوە دەبنە بەشێکی سوودبەخش لە ئامادەکارییەکان بۆ کارەسات. ناتوانن جێگەی هەموو ئەرکەکانی تۆڕێکی جێگیری کارەبا بگرنەوە، بەڵام دەتوانن یارمەتیی ماڵەکان بدەن لە کاتی پەککەوتنی سیستەمە تەقلیدییەکاندا خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بپارێزن.


ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێس (Associated Press)


PM:11:15:14/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل