‌پێشبڕکێیەکی بێوێنە لە ژاپۆن؛ کێ قووڵتر بخەوێت 14 هەزار دۆلار دەباتەوە

وێستگە ستایل-

پێشبڕکێیەکی بێوێنە لە ژاپۆن؛ کێ قووڵتر بخەوێت 14 هەزار دۆلار دەباتەوە


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


لە ڕووداوێکی سەرنجڕاکێش و ناوازەدا لە تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن، پێشبڕکێیەکی تایبەت بە خەوی قووڵ بەڕێوەچوو، کە تێیدا بەشداربووان لەسەر تەختەخەوێکی نەرم و لە کەشێکی ئارامدا ململانێیان دەکرد لەسەر ئەوەی کێ دەتوانێت لە کەمترین ماوەدا بچێتە قووڵترین قۆناغی خەوەوە، ئەمەش لە بەرامبەر بەدەستهێنانی خەڵاتێکی دارایی گەورەدا.


ئەم چالاکییە جیاوازە لەلایەن کۆمپانیایەکی ژاپۆنیی تایبەت بە دروستکردنی سەرین و دۆشەکەوە ڕێکخرابوو، کە تێیدا دەرفەت درابووە دەیان بەشداربوو بۆ ماوەی 90 خولەک کێبڕکێ لەسەر ئارامترین خەو بکەن. مەبەستی سەرەکیی ڕێکخەران تیشکخستنەسەر کێشەی کەمخەوی و گرنگیپێدانی پشووی تەندروست بوو لە نێو کۆمەڵگەی ژاپۆنیدا.


لە کاتی بەڕێوەچوونی کێبڕکێکەدا، ئامێرێکی زیرەکی پێشکەوتوو بە سەری بەشداربووانەوە بەسترابوو بۆ چاودێریکردن و تۆمارکردنی وردی چالاکییەکانی مێشکیان، تا لەو ڕێگەیەوە ئاستی قووڵیی خەوەکەیان دیاری بکرێت. لە ئەنجامدا، چیساتۆ هۆندای تەمەن 32 ساڵ پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و خەڵاتی دوو ملیۆن یەنی ژاپۆنی (نزیکەی 14 هەزار دۆلاری ئەمریکی) پێبەخشرا. ناوبراو دوای بردنەوەی خەڵاتەکە بە پێکەنینەوە ڕایگەیاند:

"پێشبڕکێیەکی زۆر خۆش بوو، وەک چاوترووکانێک بە خێرایی کۆتایی هات و خۆزگە دەمتوانی کەمێکی دیکەش بخەوم."


ریچیرۆ ناکاما، یەکێک لە ڕێکخەرانی پێشبڕکێکە لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کرد کە هاووڵاتییانی ژاپۆن بەوە ناسراون بەردەوام شەونخونی دەکەن و بەدەست کەمخەوییەوە دەناڵێنن، بۆیە لە ڕێگەی ئەم دەستپێشخەرییەوە ویستوویانە هانی خەڵک بدەن کاتەکانی خەویان ڕێک بخەنەوە. بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری (OECD)، ژاپۆنییەکان ڕۆژانە بە تێکڕا تەنها حەوت کاتژمێر و 24 خولەک دەخەون، کە ئەمەش کەمترین ڕێژەی خەوە لە نێو تەواوی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوەکەدا.


ئەم کێبڕکێیە سەرنجڕاکێشە پەیامێکی گرنگی گەیاند کە خەوێکی تەندروست نەک تەنیا بنەمای لەشساغی و ئارامیی دەروونییە، بەڵکو لە وڵاتێکی پڕ کار و ماندووکەری وەک ژاپۆندا، دەکرێت خەوتن ببێتە هۆکارێک بۆ بردنەوەی خەڵاتێکی دارایی گەورەش.


ئاژانسی فرانس پرێس (AFP) / داتاکانی ڕێکخراوی OECD


PM:01:39:13/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل