‌کۆڵۆنییەکی پەنگوینەکانی جەمسەری باشوور زیاتر لە نیو ملیۆن باڵندەی بەهۆی گۆڕانی ئۆقیانووسەوە لەدەستداوە

وێستگە ستایل-

کۆڵۆنییەکی پەنگوینەکانی جەمسەری باشوور زیاتر لە نیو ملیۆن باڵندەی بەهۆی گۆڕانی ئۆقیانووسەوە لەدەستداوە


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


توێژەرانی دەستەی ڕووپێوی جەمسەری باشووری بەریتانیا کەمبوونەوەیەکی بەرچاویان لە ژمارەی پەنگوینە چەناگە خەتدارەکان لە دوورگەی زاڤۆدۆڤسکی تۆمار کردووە، بە جۆرێک دوورگەکە زیاتر لە نیو ملیۆن پەنگوینی لەدەستداوە.


ئەم لێکۆڵینەوەیە دەریخستووە لە نێوان ساڵانی ٢٠١١ بۆ ٢٠٢٥، هێلانەی پەنگوینە چالاکەکان بە ڕێژەی ٦٣٪ کەمی کردووە لە کاتێکدا پێشتر ئەم دوورگەیە وەک گەورەترین کۆڵۆنی پەنگوین لە جیهاندا دەناسرا.


زاناکان لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، وێنەی مانگە دەستکردەکان و ئامێری شوێنپێهەڵگرەوە لێکۆڵینەوەیان کردووە، و دەردەکەوێت گەرمبوونی ئاوی ئۆقیانووس هۆکارە بۆ دوورکەوتنەوەی کریل (خۆراکی سەرەکی پەنگوینەکان) بەرەو قوڵاییەکانی باشوور.


پاشەکشەی ژمارەی باڵندەکان زۆر پێش تەقینەوەی گڕکانەکەی ساڵی ٢٠١٦ی دوورگەکە دەستی پێکردووە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە هۆکاری سەرەکی کێشەکە بریتییە لە گۆڕانی کەشوهەوا و کەمیی خۆراک نەک کارەساتە سروشتییە کاتییەکان.


زاناکان هۆشداری دەدەن کە بەردەوامی ئەم دۆخە مەترسی لەناوچوونی پەنگوینەکان زیاتر دەکات و داوا دەکەن پلەی مەترسی پاراستنی ئەم باڵندانە بەرز بکرێتەوە تا چاودێری وردتر بۆ ڕزگارکردنیان دابنرێت.


دەستەی ڕووپێوی جەمسەری باشووری بەریتانیا (British Antarctic Survey)


PM:07:39:12/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل