عەلی کەریم؛ نیو سەدە لە بەخشش لەسەر تەختەی شانۆ و نێو لاپەڕەی کتێبەکاندا
وێستگە ستایل-
عەلی کەریم؛ نیو سەدە لە بەخشش لەسەر تەختەی شانۆ و نێو لاپەڕەی کتێبەکاندا
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
هونەرمەند عەلی کەریم یەکێکە لە ناوە دیارەکانی بواری هونەر و شانۆ کە خەڵکی شاری کەرکووکە و لە ڕێگەی کاروانی دەوڵەمەندی لە نواندن و نووسیندا، پێگەیەکی تایبەتی لە مێژووی هونەریدا تۆمار کردووە.
ئەم هونەرمەندە بەئەزموونە لە هاوینی ساڵی 1968ـەوە بە فەرمی هەنگاوەکانی بەرەو جیهانی هونەر دەستپێکردووە و لەو کاتەوە تا ئێستا، توانیویەتی لەنێوان نواندنی سەر شانۆ و شاشەی تەلەفزیۆن و دونیای توێژینەوە و نووسیندا هاوسەنگییەکی پڕ لە داهێنان دروست بکات.
سەرەتای دەرکەوتن و یەکەمین بەشداریی هونەریی عەلی کەریم لە ڕێگەی شانۆگەریی "پارەی دەرمانەکە"وە بوو، کە تێکستەکەی لەلایەن هونەرمەندی گەورەی عێراقی "یوسف ئەلعانی" نووسرابوو و لە دەرهێنانی هونەرمەند "ئەنوەر محەمەد ڕەمەزان" بوو، ئەم کارەش بووە دەروازەی سەرەکی بۆ ناساندنی تواناکانی لە بواری نواندندا.
جگە لە کارە شانۆیی و تەلەفزیۆنییەکان، عەلی کەریم وەک نووسەر و لێکۆڵەرێکی دیاری بواری شانۆ هەوڵێکی زۆری داوە؛ ناوبراو بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی لێکۆڵینەوە و وتاری لەسەر شانۆ و ئەزموونە شانۆییەکان لە گۆڤار و ڕۆژنامە جیاوازەکاندا بڵاوکردووەتەوە.
لە درێژەی بەخششە فکری و ئەدەبییەکانیدا، ئەم هونەرمەندە تائێستا پێنج کتێبی بە چاپ گەیاندووە، کە دواکتێبیشی بە ناونیشانی "نواندن لە سینەمادا" بووە و خزمەتێکی گرنگی بە پەرتووکخانە و خولیابووانی هونەری نواندن کردووە.
ئەرشیڤی کەسیی هونەرمەند عەلی کەریم و دیدارە میدیاییەکانی
PM:04:43:05/10/2026
ئهم بابهته 312
جار خوێنراوهتهوه