‌هەفتەی جیهانیی بۆشایی ئاسمان ٢٠٢٦ بە دروشمی "شۆڕشی مووشەکی" دەست پێ دەکات

وێستگە ستایل-

هەفتەی جیهانیی بۆشایی ئاسمان ٢٠٢٦ بە دروشمی "شۆڕشی مووشەکی" دەست پێ دەکات


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


ئەمڕۆ، ٤ی تشرینی یەکەم، هەفتەی جیهانیی بۆشایی ئاسمان دەستی پێکرد، کە تەوەرە نێودەوڵەتییەکەی ئەمساڵ تیشک دەخاتە سەر گۆڕانکارییە خێراکانی تەکنەلۆژیای مووشەک و شێوازی گەیشتن بە بۆشایی ئاسمان.


بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دروشمی ساڵی ٢٠٢٦ بە ناوی "شۆڕشی مووشەکی" جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەشتە ئاسمانییەکان چیتر تەنیا لە دەستی چەند پرۆگرامێکی دیاریکراوی حکومەتەکاندا نەماونەتەوە، بەڵکو کۆمپانیا بازرگانییەکان، مووشەکە دووبارە بەکارهێنراوەکان، زانکۆکان و دەزگا نیشتمانییە نوێیەکان بەشێوەیەکی فراوان بەشداری ئەرکە خوولگەییەکان دەکەن.


ئەم هەفتەیە لە ٤ تا ١٠ی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت و پێشکەوتنی هاوچەرخی بۆشایی ئاسمان بە دەستپێکی مێژوویی سەردەمی بۆشایی ئاسمانەوە گرێ دەدات؛ بەو پێیەی ٤ی تشرینی یەکەم هاوکاتە لەگەڵ یادی هەڵدانی "سپۆتنیک ١" لە ساڵی ١٩٥٧ وەک یەکەم مانگی دەستکرد کە چووە خوولگەی زەوی. هەروەها پەرەپێدانی مووشەکی دووبارە بەکارهاتوو تێچووەکان کەمدەکاتەوە و دەکرێت پشتگیری لە تۆڕە گەورەکانی مانگە دەستکردەکان، ڕوانگەکانی زانستی و گەشتەکانی داهاتوو بکات.


هەفتەی جیهانیی بۆشایی ئاسمان ئامانجی ئەوەیە هانی خوێندکاران و ڕای گشتی بدات بۆ گرنگیدان بە زانست و تەکنەلۆژیا، و پێشبینی دەکرێت لە سەرتاسەری جیهاندا چالاکیی پەروەردەیی، وانە و پێشبڕکێی جۆراوجۆر لەخۆ بگرێت، بەتایبەت لەم سەردەمەی کە مووشەکەکان بوونەتە تەوەرێکی سەرەکی بۆ پلانی گەشتەکانی سەر مانگ و مەریخ.


یادی ئەمساڵ جەخت لەوە دەکاتەوە کە قۆناغی داهاتووی گەڕان لە بۆشایی ئاسماندا تەنیا پەیوەست نییە بە دۆزینەوەی جیهانی نوێ، بەڵکو پەیوەستە بەوەی گەیشتن بە بۆشایی ئاسمان خێراتر، هەرزانتر و لەبەردەستتر بێت بۆ هەمووان.


(نەتەوە یەکگرتووەکان)


PM:10:38:04/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 20 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل