سودە سەرسوڕهێنەرەکانی هەبوونی گوڵ و ڕووەکی سروشتی لە ماڵدا؛ تەنها بۆ جوانی نییە
وێستگە ستایل-
سودە سەرسوڕهێنەرەکانی هەبوونی گوڵ و ڕووەکی سروشتی لە ماڵدا؛ تەنها بۆ جوانی نییە
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
بوونی گوڵ و ئینجانە لە ماڵدا تەنها ڕەهەندێکی دیکۆراتی و جوانکاری نییە، بەڵکو توێژینەوە زانستی و پزیشکییەکان دەریانخستووە کە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و بەرچاوی لەسەر پاککردنەوەی هەوا، کەمکردنەوەی سترێس و باشترکردنی تەندروستی دەروونی و جەستەیی مرۆڤ هەیە.
لە سەردەمی ئێستادا کە زۆربەی مرۆڤەکان کاتێکی زۆر لە ژینگەی داخراو و لەژێر کاریگەریی شاشە ئەلیکترۆنییەکاندا بەسەردەبەن، کێشەکانی وەک قەلەقی، دڵەڕاوکێ و هەستکردن بە ماندوێتی بەردەوام زیادیان کردووە. لەم نێوەندەدا، گەڕانەوە بۆ سروشت و هێنانی ژینگەی سەوز بۆ ناو ماڵ، وەک یەکێک لە سادەترین و کاریگەرترین ڕێگاکان بۆ بەدەستهێنانی ئارامیی دەروونی و نوێبوونەوەی وزە تەماشا دەکرێت.
بەپێی زانیارییە تەندروستییەکان، ڕووەکە ماڵییەکان یارمەتی پاککردنەوەی هەوای ژوور دەدەن لە ڕێگەی هەڵمژینی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و بەرهەمهێنانی ئۆکسجینی نوێ. جگە لەوەش، بینینی ڕەنگی سەوز و بەسەربردنی کات لەگەڵ ئینجانەکان دەبێتە هۆی دابەزاندنی ئاستی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ (هۆرمۆنی سترێس)، پەستانی خوێن هاوسەنگ دەکات و یارمەتی زیادکردنی سەرنج و تەرکیز لە کاتی کارکردن یان خوێندندا دەدات. لە هەمان کاتدا، ڕووەک شێی سروشتیی هەوا بەرز دەکاتەوە، کە ئەمەش پارێزگاری لە پێست و کۆئەندامی هەناسەدان دەکات لە بەرامبەر وشکبوونەوە و هەستیاری.
مێژووی سەلماندنی زانستیی ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ توێژینەوە بەناوبانگەکەیبئاژانسی "ناسا" لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، کە تێیدا دەرکەوت هەندێک جۆری باوی ڕووەک وەک (زمانی خەسو، پۆتۆس، لێلی ئاشتی و ئالۆڤێرا) توانایەکی لەڕادەبەدەریان هەیە لە هەڵمژینی ژەهرە بڵاوەکانی ناو ماڵ، لەوانە فۆرمالدیهاید و بێنزین کە لە ڕەنگ، پاککەرەوە و کەلوپەلە دەستکردەکانەوە دەردەدرێن.
لە کۆتاییدا، زیادکردنی چەند ئینجانەیەکی گوڵ بۆ گۆشەکانی ماڵ یان شوێنی کار، هەنگاوێکی کەمتێچوو بەڵام پڕ لە بەهایە بۆ دروستکردنی کەشێکی پڕ لە ئارامی، پاراستنی تەندروستی خێزان و بەخشینی هەستێکی بەردەوامی ئەرێنی بە ژیانی ڕۆژانە.
سەرچاوە: ماڵپەڕی تەندروستیی هێڵس لاین
PM:11:10:28/09/2026
ئهم بابهته 44
جار خوێنراوهتهوه