‌نهێنییە شاراوەکانی نەمرود ئاشکرا دەبن؛ نەخشەی بەشێکی نوێی شارە مێژووییەکە دۆزرایەوە

وێستگە ستایل-

نهێنییە شاراوەکانی نەمرود ئاشکرا دەبن؛ نەخشەی بەشێکی نوێی شارە مێژووییەکە دۆزرایەوە


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


پڕۆسەی نەخشەکردنی پاشماوەکانی شاری مێژوویی نەمرود لە نزیک موسڵ دەستیپێکردووە و لە هەنگاوێکی گرنگدا بەشی خوارەوەی شارەکە ئاشکرا کرا، کە لەلایەن پسپۆڕان و شارەزایانی شوێنەوارناسییەوە وەک ڕووداو و دەستکەوتێکی گەورە هەژمار دەکرێت.


ئەم پێشهاتە نوێیە پاش ئەوە دێت کە مێژووی دەستپێکردنی یەکەمین کنەوپشکنین لە شوێنەواری نەمرود بۆ ١٨٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی قۆناغە جیاوازەکانی جەنگ و ئاڵۆزییە یەک لەدوای یەکەکانەوە، پڕۆسەی پشکنین و بەدواداچوونەکان بۆ ماوەیەکی درێژ ڕاگیرابوون.


چاودێران دۆزینەوە نوێیەکان بە مێژوویی وەسف دەکەن؛ بەپێی نەخشە نوێیەکە، ڕووبەری

٣.٤ کیلۆمەتر چوارگۆشە لە بەشی خوارەوەی شارەکە دەرکەوتووە کە بەهایەکی مەزنی بۆ تێگەیشتن لە ژیانی ڕۆژانەی دانیشتووانەکەی هەیە. ئەم بەشە کۆمەڵێک کۆڵان، باڵەخانە، فرۆشگە، کارخانە و ڕووبەری کراوە لەخۆدەگرێت، هاوکات دیواری قەڵغانکراوی شارەکە بەدرێژایی هەشت کیلۆمەتر دۆزراوەتەوە، ئەمەش دەبێتە پاڵنەرێکی سەرەکی بۆ ئاشکراکردنی وردەکاریی زیاتر سەبارەت بە سیستمی ئاودێری و ژێرخانی ئەو سەردەمە.


شاری نەمرود بەیەکێک لە گرنگترین پایتەختەکانی ئیمپراتۆریەتی ئاشووریی نوێ دادەنرێت، کە لە نێوان ساڵانی ٨٧٩ بۆ ٧٠٧ی پێش زایین ناوەند و تەختی پادشایەتیی ئاشوورییەکان بووە. پاشماوە دێرینەکانی ئەم شارە تەنانەت لە سەردەمی جەنگی ساردیشدا جێی بایەخ بوون، کاتێک وێنەی مانگە دەستکردەکان بەشێک لە شوێنەوارە نادیارەکانی ئەم شارەیان تۆمار کردبوو.


دەستپێکردنەوەی ئەم پڕۆژەیە و دەرکەوتنی بەشە نەبینراوەکانی نەمرود، لاپەڕەیەکی نوێ لە بەردەم لێکۆڵەراندا واڵا دەکات تا لە شێوازی ژیاری، بیناسازی و بەڕێوەبردنی یەکێک لە بەهێزترین ئیمپراتۆریەتەکانی ناوچەکە بگەن، دوای ئەوەی بۆ ساڵانێکی زۆر شەڕ و وێرانکاری ئاستەنگی بۆ لێکۆڵینەوەکان دروست کردبوو.


ئاژانسەکان


PM:08:37:26/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 40 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل