‌لوی ڤیتۆن لەژێر تیشکی ڕەخنەدا؛ کاتێک 'کوڵەباڵ'ی کوردی دەبرێتە سەر ستەیجی مۆدەی جیهانی

وێستگە ستایل-

لوی ڤیتۆن لەژێر تیشکی ڕەخنەدا؛ کاتێک 'کوڵەباڵ'ی کوردی دەبرێتە سەر ستەیجی مۆدەی جیهانی


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


دەنگۆ و مشتومڕێکی فراوان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە سەبارەت بەوەی براندی ناوداری فەڕەنسی "لوی ڤیتۆن" لە نوێترین بەرهەمەکانیدا شێوازی پۆشاکی مێژوویی و ڕەسەنی "کوڵەباڵ"ی کوردی بەکارهێناوە؛ پرسێک کە شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا هێناوە بەهۆی پشتگوێخستنی ڕەچەڵەکی ڕاستەقینەی ئەم فۆلکلۆرە دەوڵەمەندە.


مێژووی ئەم کۆکراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئازاری 2026، کاتێک نیکۆلاس گێسکیەر، بەڕێوەبەری هونەری و دیزاینەری ناسراو، لە چوارچێوەی نمایشی پاییز و زستاندا مۆدێلەکانی خستەڕوو، بەو لێکدانەوەیەی گوایە: "ئەم بەرهەمانە ئاوێتەیەکی هاوچەرخن لە فرەڕەنگیی کولتوور و نەریتە فۆلکلۆرییەکانی سەرانسەری جیهان." ئێستاش پاش تێپەڕبوونی شەش مانگ، دووبارە دەرکەوتنەوەی وێنەکان لەنێو بەکارهێنەرانی کورددا کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە و ڕەخنەگران جەخت دەکەنەوە کە بڕین و ڕاگرتنی شانی چاکەتەکە بەتەواوی لە شێوازی کوڵەباڵەوە وەرگیراوە، بەبێ ئەوەی دیزاینەر بچووکترین ئاماژە بە ناوی کورد بکات.


لە گێڕانەوە فەرمییەکەیدا، گێسکیەر خۆی لە ناوهێنانی هەر نەتەوە یان جوگرافیایەکی دیاریکراو پاراستووە؛ کارەکەی تەنیا وەک فۆلکلۆرێکی جیهانی و ئیلهامبەخش لە ژیانی کۆچەرییەکان پێناسە کردووە و لوی ڤیتۆنیش تەنیا ناوی زنجیرە چیاکانی "جورا"ی بردووە کە زێدی لەدایکبوونی دامەزرێنەری براندەکەیە. سەبارەت بە نرخەکانیش، ئەو چاکەتەی زۆرترین مشتومڕی لەسەرە بە دوو هەزار و 850 دۆلاری ئەمریکی دەفرۆشرێت، لە کاتێکدا جانتا تایبەتەکانی نێو هەمان کۆکراوە لە نێوان هەزار و 500 بۆ 13 هەزار دۆلاردان و کەرەستە جوانکارییە وردەکانیش لە 160 دۆلارەوە دەست پێدەکەن.


دزەکردنی شێوازی هاوشێوەی کوڵەباڵ و کەپەنەک بۆ ناو براندە جیهانییەکان پێشینەی هەیە؛ لە وەرزی پاییزی 2021دا براندی Harem London مۆدێلێکی کەپەنەکی نمایش کرد، دواتر لە ساڵی 2022 دیزاینەر Gamze Doğan چاکەتێکی هاوچەرخی بە هەمان ئیلهام خستەڕوو، لە بەهاری 2024یشدا Burç Akyol فۆرمی ڕەقی شانی کەپەنی بەکارهێنا، تا لە پاییزی 2025دا لەلایەن Selin Yücelـەوە پارچەیەکی لەسەر هەمان ستایل پێشکەش کرا.


ئەم ڕووداوە نیشانیدەدات کە پۆشاکی کوردی توانایەکی لەڕادەبەدەری هەیە بۆ ئەوەی ببێتە ئیلهامبەخشی گەورەترین ناوەندەکانی فاشیۆن لە جیهاندا، بەڵام هاوکات بەکارهێنانی ئەم میراتە بەبێ ناساندنی ناسنامە و خاوەندارێتییە مێژووییەکەی، وەک ڕەخنەیەکی ئەخلاقی و جۆرێک لە "دەستبەسەرداگرتنی کولتووری" لەسەر براندە

زەبەلاحەکان دەمێنێتەوە.


گۆڤاری مۆدەی ڤۆگ و پلاتفۆرمی فەرمیی لوی ڤیتۆن


PM:01:14:20/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 68 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل