توێژەران سیستمێکی ژمێریاریی گەردیلەیی لەسەر بنەمای ترشی ناوەکی پەرەپێدەدەن
وێستگە ستایل-
توێژەران سیستمێکی ژمێریاریی گەردیلەیی لەسەر بنەمای ترشی ناوەکی پەرەپێدەدەن
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
زانایان سیستمێکی ژمێریارییان لەسەر بنەمای ترشی ناوەکی (DNA) خستە ڕوو، کە لە ڕێگەی هەنگاونان بەرەو هاوسەنگیی تێرمۆداینامیکییەوە کارە ژمێریارییەکان ئەنجام دەدات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی زانستی لە گۆڤاری Nature، ئەم کارە دەبێتە نوێنەری بوارێکی پەرەسەندوو لە توێژینەوە کە زیندەزانیی گەردیلەیی و زانستی کۆمپیوتەر پێکەوە گرێ دەدات.
سیستمەکە توانیویەتی دە بەرنامەی گەردیلەیی تەواو بکات، کە ئەنجامدانی هەندێک لەبژماردنەکان تەنها یەک خولەکی خایاندووە. بە پێچەوانەی کۆمپیوتەرە ئەلیکترۆنییە ئاسایییەکانەوە، سیستمە ژمێریارییە گەردیلەیییەکان پرۆسە بایۆلۆجی یان کیمیایییەکان بۆ پیشاندان و پرۆسێسکردنی زانیاری بەکاردەهێنن لە ڕێگەی داڕشتنی گەردیلەکانی DNA بەپێی یاسای گەردیلەییی دیاریکراو.
بیرۆکەی بەکارهێنانی ترشی ناوەکی وەک کەرەستەی ژمێریاری لە پێناو تێپەڕاندنی سنووردارێتییەکانی ڕەقەکاڵای تەقلیدی سەریهەڵداوە بەهۆی توانای لەڕادەبەدەری گەردیلەکان لە پرۆسێسکردنی داتا لە قەبارەیەکی زۆر بچووکدا، کە ئەم لێکۆڵینەوەیە هەنگاوێکی نوێیە لە گەشەپێدانی ئەو بوارەدا.
ئەم توێژینەوەیە بەشدار دەبێت لە پەرەپێدانی ڕێگەی نوێ بۆ پرۆسێسکردنی زانیاری وبتێگەیشتن لە سیستەمە کیمیایییەکان، بەڵام ژمێریاریی گەردیلەیی هێشتا لە ڕووی خێرایی، قەبارە و کارپێکردنەوە لە کۆمپیوتەری ئەلیکترۆنیی گشتی جیاوازە و پێویستی بە کاری زیاترە تا لە جیهانی ڕاستەقینەدا بە شێوەیەکی کارا بەکاربهێنرێت.
پێشکەوتنەکانی بواری بایۆتەکنەلۆژیا و توێژینەوە گەردیلەییەکان.
PM:10:14:17/09/2026
ئهم بابهته 132
جار خوێنراوهتهوه