‌لەژێر سایەی "شکۆی مرۆڤ"دا؛ خەڵاتەکانی شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی دابەشکران

وێستگە ستایل-

لەژێر سایەی "شکۆی مرۆڤ"دا؛ خەڵاتەکانی شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی دابەشکران


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


بە بەخشینی زیاتر لە 20 خەڵاتی زێڕین بە دەرهێنەر و بەرهەمە سەرکەوتووەکان، پەردە لەسەر چالاکییەکانی شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی دادرایەوە؛ خولێک کە تێیدا هەردوو بەرهەمی "لە سێبەردا" لەسەر ئاستی ناوخۆ و "هەر وەک چۆن هەناسە دەدەین" لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، زۆرترین خەڵاتەکانیان بۆ خۆیان مسۆگەر کرد.


ئەم کاروانە سینەمایییە بە دروشمی "شکۆی مرۆڤ" و بۆ ماوەی حەوت ڕۆژی بەردەوام، نزیکەی 250 میوان، سینەماکار، ئەستێرە و ڕەخنەگری لە وڵاتانی جیاوازەوە لە پایتەختی ڕۆشنبیری کۆکردەوە. لەنێو کێبڕکێیەکی توند و ئاستبەرزدا، فیلمی "لە سێبەردا" توانی بە دەستەبەرکردنی پێنج خەڵات ببێتە شاکاری بەرهەمە ناوخۆیییەکان، هاوکات لە کێبڕکێی جیهانیشدا فیلمی "هەر وەک چۆن هەناسە دەدەین" بە بردنەوەی چوار خەڵاتی باڵا، بووە درەوشاوەترین بەرهەمی فێستیڤاڵەکە.


لەسەر ئاستی بەرهەمە ناوخۆیییەکان، فیلمی "لە سێبەردا" خەڵاتی باشترین فیلمی بردەوە، سالم سەڵەواتی دوو خەڵاتی باشترین دەرهێنەر و باشترین سکرینپلەی پێبەخشرا، کوبرا مەلەکی وەک باشترین خانمە ئەکتەر و دڵشاد حەمۆ وەک باشترین ئەکتەر درەوشانەوە. هەروەها ئەمیر عەلی وەیسی و بابەک سەڵەواتی خەڵاتی باشترین سینەماتۆگرافی، ڤارۆن جاندەمیر خەڵاتی باشترین موزیک، و شیرین یوسف خەڵاتی باشترین دیزاینی دەنگیان بەدەستهێنا. لە درێژەی خەڵاتەکاندا، خەڵاتی لیژنەی داوەران درا بە فیلمی "کاتێک ڕەشەبای تاریک هەڵدەکات"، خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلم بە هاوبەشی بە هەردوو بەرهەمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "لە کوێی چیرۆکەکەی خۆمدام؟" بەخشرا، لە کاتێکدا فیلمی "دزینی تابلۆکە" وەک باشترین فیلمی لاوان و "میکانیک" وەک باشترین کورتەفیلم ناسێنران.


لە کێبڕکێی ئاستی نێودەوڵەتیشدا، فیلمی "هەر وەک چۆن هەناسە دەدەین" پێشەنگی گرت و خەڵاتەکانی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنەر، باشترین دیزاینی دەنگ، و بە هاوبەشی لەگەڵ فیلمی "پشێویی توندوتیژی" خەڵاتی باشترین سینەماتۆگرافی بەدەستهێنا. فەریبا نادری وەک باشترین خانمە ئەکتەر و شەکیب شەجەرە وەک باشترین ئەکتەر خەڵاتەکانیان بەرزکردەوە. فیلمی "مێردەکە" هەردوو خەڵاتی باشترین سکرینپلەی و خەڵاتی لیژنەی داوەرانی بردەوە. هەروەها خەڵاتی ئاشتی و پێکەوەژیان بەخشرا بە فیلمی "نیقاب"، "وڵاتی فریشتەکان" بووە خاوەنی باشترین موزیک، "ئێشکگری شەو" وەک باشترین بەڵگەفیلم دەستنیشانکرا، و خەڵاتی باشترین کورتەفیلمیش بەخشرایە "کچەکەی دایە".


لە پاڵ کێبڕکێی بەرهەمە سینەمایییەکان و بە لەبەرچاوگرتنی پەیامی ئەمساڵی فێستیڤاڵ بۆ ڕێزگرتن لە مرۆڤ و هونەر، خەڵاتی باشترین دیزاینەر بەخشرا بە هونەرمەند شێرکۆ خانزادی؛ ئەمەش وەک ڕێزلێنانێک بۆ خوڵقاندنی دیزاینێکی ناوازە و پڕمانا کە توانیبووی ناسنامەی بینراوی فێستیڤاڵەکە بە جوانترین شێوە بنەخشێنێت.


بە دابەشکردنی ئەم خەڵاتانە، شەشەمین خولی فێستیڤاڵی سلێمانی بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات و جارێکی تر سەلماندی کە سینەما دەتوانێت لە دڵی کوردستانەوە پردی لێکتێگەیشتن و ئاڵوگۆڕی کولتووری لەگەڵ گەلانی جیهاندا بنیاد بنێت.


کۆمیتەی ڕاگەیاندنی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی


PM:12:32:16/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 68 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل