78ـەمین خولی خەڵاتەکانی ئێمی بەڕێوەچوو؛ زنجیرەی Widow’s Bay مێژووی تۆمارکرد و ماتیۆ رایس درەوشایەوە
وێستگە ستایل-
78ـەمین خولی خەڵاتەکانی ئێمی بەڕێوەچوو؛ زنجیرەی Widow’s Bay مێژووی تۆمارکرد و ماتیۆ رایس درەوشایەوە
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
لە هۆڵی پیکۆکی شاری لۆس ئەنجلس، ڕێوڕەسمی 78ـەمین خولی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئێمی بە میوانداریی ماریسکا هارگیتەی بەڕێوەچوو؛ لە بۆنەکەدا زنجیرەی کۆمیدیی Widow’s
Bay گەورەترین پشکی خەڵاتەکانی بۆ خۆی مسۆگەر کرد و مێژووی لە پۆلی کۆمیدیادا تۆمارکرد، لە کاتێکدا هەریەکە لە ماتیۆ رایس و جین سمارت دەستکەوتی بێوێنەیان لە مێژووی خەڵاتەکەدا بەدەستهێنا.
لە ڕێوڕەسمەکەدا کێبڕکێیەکی بەهێز لەنێوان بەرهەمە تەلەڤیزیۆنییەکاندا هەبوو، زنجیرەی The Pitt بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک بووە باشترین زنجیرەی درامی و توانی حەوتbخەڵات لە کۆی 25 بەربژێربوون بباتەوە. هاوکات زنجیرەی سنوورداری DTF St. Louis توانی حەوت خەڵات لە کۆی 13 بەربژێربوون بەدەستبهێنێت. لە لایەکی ترەوە، گەورەترین براوەی شەوەکە زنجیرەی کۆمیدیی Widow’s Bay بوو، کە توانی 14 خەڵات لە بنەڕەتی 19 بەربژێربوون بباتەوە (کە هەشتیان خەڵاتی ئێمیی داهێنەریی بوون)، بەوەش تۆماری مێژوویی شکاند بە بردنەوەی زۆرترین خەڵاتی ئێمی لە یەک ساڵدا بۆ پۆلی کۆمیدی و زۆربەی خەڵاتە سەرەکییەکانی بەشی کۆمیدیای کۆنترۆڵ کرد.
لەسەر ئاستی ئەکتەرەکان، ماتیۆ رایس بووە ئەستێرەی دیاری ئەمساڵ و مێژوویەکی نوێی تۆمار کرد، کاتێک بووە یەکەم کەس لە یەک بۆنەی ئێمیدا دوو خەڵاتی باشترین ئەکتەر بباتەوە (بۆ هەردوو زنجیرەی Widow’s Bay و The Beast in Me)، هەروەها خەڵاتی هاوبەشی بەرهەمهێنانیشی بۆ Widow’s Bay وەرگرت، جیا لەوەی یەکەم کەس بوو لە مێژوودا لە هەر سێ پۆلی جیاوازی دراما، کۆمیدی و زنجیرەی سنوورداردا بۆ خەڵاتی باشترین ئەکتەر بەربژێر بکرێت. لە هەمان کاتدا جین سمارت بۆ پێنجەمین جار خەڵاتی باشترین خانمە ئەکتەری کۆمیدیی بۆ زنجیرەی Hacks بردەوە و بووە براوەی خەڵاتەکە لە تەواوی وەرزەکانیدا، بەمەش کۆی خەڵاتەکانی ئێمیی گەیاندە هەشت خەڵات و لە سەکۆی مەراسیمەکەشدا بەهۆی کۆتاییهاتنی زنجیرەکەیەوە بە دڵپڕییەوە دەرکەوت. لە بەشی باشترین ئەکتەری دراماشدا، نۆوا وایڵ توانی بۆ دووەمین جار ئەو خەڵاتە بۆ خۆی مسۆگەر بکات.
خەڵاتەکانی ئێمی بە بەرزترین و شەرەفمەندترین خەڵاتی بواری بەرنامە و زنجیرە تەلەڤیزیۆنییەکان لە ئەمریکا و جیهاندا دادەنرێت و هاوتای خەڵاتی ئۆسکارە لە بواری سینەمادا. ئەم خەڵاتە کە لە ساڵی 1946ـەوە دامەزراوە، ساڵانە گرنگی بە نواندن، دەرهێنان، سکرینپلەی، بەرهەمهێنان، کاری دەنگی و بەرنامە هەواڵییەکان دەدات، هەروەها لە ڕێگەی حەوت بۆنەی جیاوازەوە لە ماوەی ساڵدا ڕێز لە چین و توێژە جیاوازەکانی میدیا، هونەر و وەرزش دەگرێت.
خولێکی دیکەی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئێمی بە تۆمارکردنی ژمارەی پێوانەیی، درەوشانەوەی ئەستێرەکان و ماڵئاوایی لە چەندین بەرهەمی پێشەنگ کۆتایی هات، کە جارێکی تر ڕکابەرییە هونەرییەکانی شاشەی بچووکی خستەوە لوتکەی گرنگیدانی جیهانی.
سەرچاوە: ئەکادیمیای تەلەڤیزیۆن و ماڵپەڕی فەرمیی خەڵاتەکانی ئێمی (Emmys)
AM:11:33:15/09/2026
ئهم بابهته 64
جار خوێنراوهتهوه