‌کورتەفیلمێکی کوردی بەشداری لە فێستیڤاڵێکی باوەڕپێکراوی ئۆسکار لە ئەمریکا دەکات

وێستگە ستایل-

کورتەفیلمێکی کوردی بەشداری لە فێستیڤاڵێکی باوەڕپێکراوی ئۆسکار لە ئەمریکا دەکات


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


کورتەفیلمی کوردی "شار لە تای درەختی نارنگی" بۆ بەشداریکردن لە 57ـەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ناشڤیڵ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵبژێردرا، کە یەکێکە لە گرنگترین فێستیڤاڵە سینەماییەکان و لەلایەن ئەکادیمیای ئۆسکارەوە دانپێدانراوە.


ئەم کورتەفیلمە لە نووسین، دەرهێنان و مۆنتاژی ئەمیر غوڵامییە و بەرهەمهێنانی هاوبەشی ناوبراو و دانەر عومەرە، کە بە پاڵپشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنراوە، بڕیاریشە فێستیڤاڵەکە لە 24 بۆ 30ـی ئەم مانگە (ئەیلوول) بەڕێوەبچێت.


دەرهێنەری کورتەفیلمەکە ڕایگەیاندووە کە بەرهەمەکەیان نوێنەرایەتی و میوانداریی سینەمای کوردستان دەکات لە ئەمریکا؛ لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکەدا کە ماوەی حەوت ڕۆژ دەخایەنێت، سێ هەزار و 800 بەرهەم لە 100 وڵاتی جیهانەوە پێشکەش کرابوون، بەڵام تەنها 150 فیلم بۆ کێبڕکێ هەڵبژێردراون، هەروەها ئەکادیمیای زانست و هونەری وێنەی جووڵاو دانی بە پۆلەکانی کورتەفیلم، بەڵگەفیلم و ئانیمەیشنی فێستیڤاڵەکەدا ناوە و براوەکانی ئەو سێ پۆلە دەتوانن بچنە ناو ڕیزبەندی بەرایی خەڵاتەکانی ئۆسکار.


فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ناشڤیڵ لە ساڵی 1969 دامەزراوە و یەکێکە لە کۆنترین فێستیڤاڵە سینەماییەکانی ئەمریکا، هاوکات کورتەفیلمی "شار لە تای درەختی نارنگی"

(The City Under the Mandarin Tree) بەرهەم  ساڵی 2026ـە و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لەلایەن کۆمپانیای "ستاک فیلم"ـەوە بڵاودەکرێتەوە.


بەشداریکردنی ئەم فیلمە لە فێستیڤاڵێکی لەم ئاستەدا کە خاوەن پێگەیەکی جیهانییە و دەروازەیەکە بەرەو ئۆسکار، وەک دەستکەوتێکی گەورە و گرنگ بۆ پێشخستن و ناساندنی سینەمای کوردی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا هەژمار دەکرێت.


ماڵپەڕی فەرمیی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ناشڤیڵ (Nashville Film Festival)


PM:06:11:12/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل