‌42 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی یەڵماز گیونەی، "باوکی سینەمای کوردی"دا تێدەپەڕێت

وێستگە ستایل-

42 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی یەڵماز گیونەی، "باوکی سینەمای کوردی"دا تێدەپەڕێت


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


ئەمڕۆ 42 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی یەڵماز گیونەی، دەرهێنەری ناوداری کورد و خاوەنی خەڵاتی چڵەخورمای زێڕینی کاندا تێدەپەڕێت، کە سەرەڕای زیندانیکردن و هەڕەشە دەسەڵاتدارییەکان، توانی ناوی خۆی و سینەمای کوردی بگەیەنێتە بەرزترین لووتکەی نێودەوڵەتی.

ئەم سینەماکارە گەورەیە بەهۆی هەلومەرجی سەختی سیاسی و گوشارە بەردەوامەکانەوە، ناچار بوو زۆربەی بەرهەمەکانی بە زمانی تورکی بەرهەمبهێنێت، بەڵام ناوەڕۆکی کارەکانی هەمیشە گوزارشتیان لە ئێش و ئازار و ڕاستییەکانی کۆمەڵگە دەکرد.


گەورەترین دەستکەوتی هونەریی گیونەی لە ساڵی 1982دا بوو، کاتێک توانی گرنگترین خەڵاتی سینەمایی جیهان کە "چڵەخورمای زێڕین"ی فێستیڤاڵی کانی فەڕەنسایە بەدەستبهێنێت. ئەم سەرکەوتنە مێژوویییە دوای ئەوە هات کە لە زیندانی تورکیا هەڵات و ڕووی لە وڵاتی فەڕەنسا کرد تا لەوێوە کارە هونەرییەکانی بەئەنجام بگەێنێت.


یەڵماز گیونەی لە 1ی نیسانی 1937 لە خێزانێکی کوردی زازا لە شاری ئەدەنە لەدایکبووە. لە سەرەتای تەمەنیدا لە ڕێگەی چیرۆکنووسینەوە چووە دنیای ئەدەب، بەڵام بەهۆی پەیوەندیی دەقەکانی بە ڕەوتە فکرییەکانەوە، لە ساڵی 1961 بە تۆمەتی نووسینی ڕۆمانێکی "کۆمۆنیستانە" بۆ ماوەی 18 مانگ زیندانی کرا، کە ئەوەش بووە سەرەتای زنجیرەیەک ئاستەنگ و دادگایی کردنی بەردەوام لە ژیانیدا.


سەرەڕای کارە سینەماییەکانی، گیونەی لە ساڵی 1983 لەگەڵ هەریەکە لە هەژار موکریانی، جگەرخوێن و ژمارەیەک لە نووسەرانی دیکە، بەردی بناغەی ئینستیتیوتی کوردیی پاریسیان دانا. 


سەرەنجام لە ساڵی 1984دا ئەم دەرهێنەرە ناودارە لە شاری پاریس بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.


وێستگە نیوز - ئەرشیفی سینەمای کوردی


PM:02:30:09/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل