داوا دەکرێت وەرگرتنی قیستی یەکەکانی نیشتەجێبوون بە نرخی فەرمی دۆلار بێت
وێستگە ستایل-
داوا دەکرێت وەرگرتنی قیستی یەکەکانی نیشتەجێبوون بە نرخی فەرمی دۆلار بێت
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنانی عێراق گشتاندنێکی فەرمی ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و تێیدا داوا دەکات سەرجەم پڕۆژەکانی وەبەرهێنان پابەند بکرێن بە وەرگرتنی قیستی مانگانەی یەکەکانی نیشتەجێبوون بە نرخی فەرمیی دۆلار، بە شێوەیەک کە هەر 100 دۆلارێک بە 132 هەزار دینار هەژمار بکرێت.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە تاوەکو ئێستا جیاوازییەکی زۆر لە نێوان نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی و نرخی بازاڕدا هەیە، بە جۆرێک جیاوازییەکە بۆ هەر 100 دۆلارێک زیاتر لە 20 هەزار دینارە. ئەمەش بارگرانییەکی گەورەی دارایی بۆ ئەو هاونیشتمانیانە دروستکردووە کە یەکەی نیشتەجێبوونیان کڕیوە، چونکە زۆربەی پڕۆژەکان لە هەرێمی کوردستان قیستەکان بە نرخی بازاڕ وەردەگرن نەک نرخی فەرمی.
غالب محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاندووە کە دەبێت میکانیزمی وەرگرتنی قیستەکان بە نرخی فەرمی لە هەموو پڕۆژەکانی نیشتەجێکردن بە شێوەیەکی ئیجباری و ناچاری جێبەجێ بکرێت. بەپێی گشتاندنەکە، هیچ کۆمپانیایەکی وەبەرهێنان بۆی نییە بارگرانی بخاتە سەر کڕیاران و دەبێت پابەندی ئەو نرخە بن کە حکومەت دیاریکردووە.
پێشینەی ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ 7ی شوباتی 2023، کاتێک حکومەتی عێراق بڕیاریدا بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرز بکاتەوە و نرخەکەی لە 145 هەزار و 500 دینارەوە بۆ 130 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک دابەزاند. دواتر بانکی ناوەندی لە 8ی شوباتی هەمان ساڵ نرخی فرۆشتنی دۆلاری بە 132 هەزار دینار جێگیر کرد، بەڵام سەرباری ئەم ڕێکارانە، هێشتا نرخی دۆلار لە بازاڕەکاندا بە بەرزی ماوەتەوە.
جێبەجێکردنی ئەم گشتاندنەی دەستەی وەبەرهێنان دەبێتە هۆی ئەوەی کڕیارانی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان لە زیانێکی دارایی گەورە ڕزگاریان بێت و یەکسانی لە نێوان نرخی فەرمی و ئەو پارەیەی کە لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت دروست ببێت، ئەمەش تەنها لەرێگەی چاودێری وردی حکومەتەوە جێبەجێ دەبێت.
سەرچاوە هەواڵییەکان و دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنانی عێراق
PM:02:30:07/09/2026
ئهم بابهته 80
جار خوێنراوهتهوه