لە شارباژێڕ بەردێکی دەگمەنی ٢٠٠ هەزار ساڵە دۆزرایەوە
وێستگە ستایل-
لە شارباژێڕ بەردێکی دەگمەنی ٢٠٠ هەزار ساڵە دۆزرایەوە
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی دۆزینەوەی ئامرازێکی بەردینی دەگمەن لە سنووری قەزای شارباژێڕ رادەگەیەنێت، کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی ٢٠٠ هەزار ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە و بە کۆنترین ئامرازی مرۆیی لەو ناوچەیەدا دادەنرێت.
د. دڵشاد زاموا، مامۆستا لە بەشی شوێنەواری زانکۆی سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە ٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ رایگەیاند، کە تیمەکەیان لە گوندی "واژە"ی سەر بە ناوچەی شارباژێڕnبەردێکیان لە جۆری (کوارتز) دۆزیوەتەوە. ئەم بەردە ئامرازێکی سەرەتاییە کە مرۆڤ بۆ مەبەستی بڕین دروستی کردووە.
بە گوتەی د. دڵشاد، یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم بەردە ئەوەیە کە شێوازی تاشین و گرتنەکەی دەری دەخات ئەو مرۆڤەی ٢٠٠ هەزار ساڵ لەمەوپێش بەکاریهێناوە، "چەپەوانە" بووە و بە دەستی چەپ کاری پێکردووە، ئەمەش زانیارییەکی گرنگ دەربارەی بایۆلۆژیای مرۆڤی ئەو سەردەمە دەبەخشێت.
ئەم دۆزینەوەیە دوای راوێژ لەگەڵ پسپۆرانی شوێنەوارناسی لە باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان پشتڕاستکراوەتەوە، کە مێژووەکەی بۆ "چاخی بەردینی کۆن" دەگەڕێتەوە. دۆزینەوەکە گۆڕانکاری لە تێگەیشتنی مێژوویی ناوچەی شارباژێڕ دەکات و دەیسەلمێنێت کە مێژووی نیشتەجێبوون تێیدا زۆر کۆنترە لەوەی پێشتر دەزانرا.
لەبەر ئەوەی ناوچەی شارباژێڕ لە ئێستادا مۆزەخانەی تایبەت بە خۆی نییە، بەردە دەگمەنەکە بە شێوەیەکی کاتی رادەستی بەڕێوەبەرایەتی مۆزەخانەی سلێمانی دەکرێت بۆ پاراستنی، تا ئەو کاتەی (مۆزەخانەی شوێنەوار و شارستانیی زانکۆی سلێمانی) بە فەرمی دەکرێتەوە و لەوێدا دەپارێزرێت.
زانکۆی سلێمانی - بەشی شوێنەوار
PM:12:43:05/09/2026
ئهم بابهته 412
جار خوێنراوهتهوه