‌ئەحمەد نەبەز؛ ئەو هونەرمەندە کوردەی دەبێتە یەکەم نوێنەری عێراق و کوردستان لە ئۆڵۆمپیادی هونەری جیهانیدا

وێستگە ستایل-

ئەحمەد نەبەز؛ ئەو هونەرمەندە کوردەی دەبێتە یەکەم نوێنەری عێراق و کوردستان لە ئۆڵۆمپیادی هونەری جیهانیدا


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


ئەحمەد نەبەز، وەک یەکێک لە دیارترین کوراتۆر و هونەرمەندە هاوچەرخەکانی کوردستان، توانیویەتی سنوورەکان ببڕێت و پەیامی هونەری کوردی بگەیەنێتە ناوەندە جیهانییەکان. ئەو ئێستا ئامادەکاری دەکات تاوەکو وەک یەکەم هونەرمەندی کورد و عێراقی لە "ئارتیاد ٢٠٢٦ "ی ئیسپانیا کە بە ئۆڵۆمپیادی هونەر دەناسرێت، بەشداری بکات و ناسنامەی هونەری کوردی بە جیهان بناسێنێت.


ئەم هونەرمەندە لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٦ی شاری هەولێرە و کارەکانی تێکەڵەیەک لە نیگارکێشان، پێرفۆڕمانس، ئینستێلاسیۆن، ڤیدیۆ ئارت و هونەری دیجیتاڵین. ئەحمەد نەبەز لە ڕێگەی فڵچە و تەکنەلۆژیاوە، بەقوڵی کار لەسەر تەوەرە هەستیار و مرۆییەکانی وەک تووندوتیژی، جەنگ، کۆچ و بارودۆخی مرۆڤ دەکات و دەیانکاتە کەرەستەی سەرەکی بەرهەمە هونەرییەکانی.


ساڵی ٢٠١٥ خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە ژیانی ئەحمەد نەبەزدا، کاتێک بە پڕۆژەی "وێرانکەرەکان" ناوبانگێکی نێودەوڵەتی فراوانی بەدەستهێنا. هەروەها لە درێژەی سەرکەوتنەکانیدا، لە ساڵی ٢٠٢٤دا بە فەرمی نوێنەرایەتی عێراق و کوردستانی کرد لە تریناڵی نێودەوڵەتی گرافیک لە وڵاتی پۆڵەندا، کە ئەمەش پێگەی ئەو وەک هونەرمەندێکی کاریگەر لەسەر ئاستی جیهان چەسپاند.


لە ڕووی ئەکادیمییەوە، ئەحمەد نەبەز خاوەنی بڕوانامەی دبلۆم و بەکالۆریۆسە لە هونەرە جوانەکان و پلەی ماستەری لە هونەری هاوچەرخدا بەدەستهێناوە. لە ئێستادا وەک مامۆستا لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەڵاحەدین خزمەت دەکات و هاوتای کارە هونەرییەکانی، سەرقاڵی پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێی هونەرمەندانە.


هونەرمەند ئەحمەد نەبەز، بە بەکارهێنانی زمانێکی هونەریی هاوچەرخ، وێنەیەکی واقیعی لە مێژوو و ناسنامەی نەتەوەکەی بۆ جیهان دەگوازێتەوە. کارەکانی ئەو گوزارشتن لە ئێش و ئازارە مرۆییەکان و هەوڵێکی بەردەوامن بۆ فراوانکردنی ئاسۆکانی داهێنان.


ئەم بابەتە لە ئەنجامی گفتوگۆیەکی تایبەتی "وێستگە ستایل" لەگەڵ هونەرمەند ئەحمەد نەبەز ئامادەکراوە.


PM:05:50:03/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل