‌میر بەدرخان بەگ؛ دوایین پاشای میرنشینی بۆتان و سیمبولی سەربەخۆییخوازی

وێستگە ستایل-

میر بەدرخان بەگ؛ دوایین پاشای میرنشینی بۆتان و سیمبولی سەربەخۆییخوازی


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


بەدرخان بەگ، یەکێک لە دیارترین و بەھێزترین میرە کوردەکانی سەدەی نۆزدەیەم، فەرمانڕەوای میرنشینی بۆتان بووە و توانی بۆ ماوەی چەندین ساڵ دەسەڵاتێکی بەھێز و نیمچە سەربەخۆ لە ناوچەکەدا دابمەزرێنێت. ئەو وەک نوێنەری خانەدانی ئازیزان، لە سەردەمێکی پڕ لە گۆڕانکاریی سیاسی و سەربازیدا سەرکردایەتیی گەلی کوردی کردووە.


میر لەدایکبووی ساڵی ١٨٠٣ی شاری جزیرەیە و لە ساڵی ١٨٢١ دەسەڵاتی میرنشینەکەی گرتووەتە دەست. لە سەرەتای میرایەتیدا، بەدرخان بەگ توانی ئاسایش و سەقامگیرییەکی بێوێنە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دابین بکات، بە جۆرێک کە کاروانە بازرگانییەکان بەبێ ترس بە خاکەکەیدا تێپەڕ دەبوون و ئاوەدانییەکی زۆر ڕووی لە ناوچەکە کرد، ئەمەش وای کرد زۆرێک لە دانیشتووانی دەوروبەر پەنای بۆ ببەن.


لە لوتکەی دەسەڵاتیدا، نەخشەی فەرمانڕەوایی میر لە ئامەدەوە تا ورمێ درێژ دەبووەوە. ئەو نەک تەنھا وەک سەرکردەیەکی سەربازی، بەڵکو وەک چاکسازیخوازێکیش دەرکەوت؛ سکەیبتایبەت بە خۆی لێدا، وتاری خوتبەی بە ناوی خۆیەوە دەخوێندرایەوە و سیستەمێکی دادوەریی ڕێکخست. بەڵام ئەم ھەوڵانەی بۆ سەربەخۆیی، بووە ھۆی توڕەیی دەسەڵاتی ناوەندیی عوسمانی، بەتایبەت دوای ئەوەی لە ساڵانی ١٨٤٣ و ١٨٤٦دا ململانێی خوێناوی لەگەڵ ئێزیدی و ئاشوورییەکان ڕوویدا و بووە ھۆی فشار و دەستێوەردانی وڵاتانی ئەورووپی.


کۆتایی دەسەڵاتی میر بەدرخان بەھۆی ھێرشێکی بەرفراوانی سوپای عوسمانییەوە بوو لە ساڵی ١٨٤٧، کە تێیدا بەھۆی خیانەتی "یەزدانشێر بەگی" برازای و فەرماندەی سوپاکەی، میر تێکشکێنرا و لە قەڵای ئەروە خۆی ڕادەست کرد. دوای ئەمە، میر و خێزانەکەی بۆ دوورگەی کریت دوورخرانەوە. لەوێش میر وەک کەسایەتییەکی کاریگەر مایەوە و توانی کێشەی نێوان پێکھاتە جیاوازەکان چارەسەر بکات، تا دواجار ڕێگەی پێدرا بگەڕێتەوە بۆ ئەستەنبوڵ و دواتر دیمەشق.


میر بەدرخان لە ساڵی ١٨٦٩ لە شاری دیمەشق کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی ڕووکنەددین بە خاک سپێردرا. میر خاوەنی بنەماڵەیەکی گەورە بوو، نەوەکانی وەک ئەمین عالی، جەلادەت، سورەیا و کامەران بەدرخان، لە دوای ئەو ڕێچکەی خەباتی سیاسی و ڕۆشنبیرییان گرتەبەر و بوونە پێشەنگی ڕۆژنامەگەری و نەتەوەییبوونی کورد لە سەدەی بیستەمدا.


سەرچاوە: ویکیپیدیای کوردی، ئەرشیفی مێژووی میرنشینە کوردییەکان.


PM:05:47:02/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل