‌ماڵئاوایی ئەفسانەی دەنگەکان؛ پیتەر کوڵن خاوەنی دەنگی ئۆپتیموس پڕایم کۆچی دوایی کرد

وێستگە ستایل-

ماڵئاوایی ئەفسانەی دەنگەکان؛ پیتەر کوڵن خاوەنی دەنگی ئۆپتیموس پڕایم کۆچی دوایی کرد


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان 


جیهانی سینەما و ئەنیمەیشن یەکێک لە کاریگەرترین دەنگەکانی مێژووی لەدەستدا، پیتەر کوڵن ئەو پیاوەی بۆ زیاتر لە ٤٠ ساڵ بە دەنگە پڕ شکۆکەی جۆشی بە هەوادارانی دەبەخشی، لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا بۆ هەمیشە بێدەنگ بوو.


دوای تەمەنێکی درێژ لە خزمەتکردن بە هونەری دەنگ، خێزانی پیتەر کوڵن بە فەرمی هەواڵی کۆچی دوایی ئەم ئەکتەرە کەنەدییەیان لە ماڵەکەی خۆی لە لۆس ئەنجلۆس ڕاگەیاند، ئەمەش بووە هۆی خەمبارییەکی گەورە لە ناو ناوەندە هونەرییەکان و هەوادارانی زنجیرەی "تڕانسفۆرمەرز" لە سەرانسەری جیهاندا.


پیتەر تەنها ئەکتەرێکی دەنگی نەبوو، بەڵکو ئەو ڕۆح و شکۆی بە کەسایەتی "ئۆپتیموس پڕایم" بەخشیبوو، لە ساڵی ١٩٨٤ەوە تا کۆتا فیلمی زنجیرەکە، دەنگی ئەو بوو بە ناسنامەی ڕێبەرایەتی و ئازایەتی. جگە لەوەش، ئەو خاوەنی دەنگی کەسایەتی "ئیۆر" بوو لە کارتۆنی "ویننی زە پوو"، و هەروەها دەنگی دڕندە ترسناکەکەی فیلمی "پڕێدێتەر"یشی هەر ئەو کێشابووی.


پیتەر کوڵن لە ساڵی ١٩٤١ لە مۆنتریال لەدایکبووە، نهێنی سەرکەوتنی لە دروستکردنی دەنگی ئۆپتیموسدا دەگەڕاندەوە بۆ براکەی "لاری" کە ئەفسەری هێزی دەریایی بوو، کاتێک ئامۆژگاری کردبوو و پێی گوتبوو: "هێندە بەهێز بە کە بتوانیت میهرەبان بیت." هەر ئەم

وتەیەش بوو بە هەوێنی دروستکردنی ئەو کەسایەتییە ئەفسانەییەی کە ملیۆنان منداڵ و گەنج لە جیهاندا وەک نموونەی باڵای ڕەوشت سەیریان دەکرد.


کۆچی دوایی پیتەر کوڵن کۆتایی سەردەمێکی زێڕینی هونەری دەنگییە، بەڵام وتە و دەنگە زوڵاڵەکەی لە یادەوەری نەوەکانی ڕابردوو و داهاتوودا بە زیندوویی دەمێنێتەوە و وەک سیمبولی چاکە و دادپەروەری لە مێژووی سینەمادا دەدرەوشێتەوە.


سەرچاوە: ئاژانسە هەواڵییە جیهانییەکان


AM:10:40:28/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 88 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل