سەنتەری مۆسیقای ئازاد هەورامی نوێترین بەرهەمی هونەریی بەناوی «ڕێی خەبات» بڵاودەکاتەوە
وێستگە ستایل-
سەنتەری مۆسیقای ئازاد هەورامی نوێترین بەرهەمی هونەریی بەناوی «ڕێی خەبات» بڵاودەکاتەوە
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
لە شاری کەرکووک، سەنتەری مۆسیقای ئازاد هەورامی بە مەبەستی پشتگیریکردن و برەودان بە هونەری ڕەسەنی کوردی، خەریکی بەرهەمهێنانی کلیپێکی نوێیە بۆ سروودی «ڕێی خەبات».بئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی چالاکییە بەردەوامەکانی سەنتەرەکەدایە بۆ خزمەتکردنی کایەی مۆسیقا و پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێی هونەرمەند لە شارەکەدا.
بەرهەمهێنانی ئەم کلیپە بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ستافی (KPLUS) ئەنجام دەدرێت. پڕۆژەکە ئامانجییەتی لە ڕێگەی کارێکی هونەریی سەردەمیانەوە، پەیامی نەتەوەیی و هونەری بگەیەنێت و لە هەمان کاتدا توانای فێرخوازانی سەنتەرەکە لە ژەنین و ئەداکردندا بخاتە ڕوو.
ستافێکی شارەزا کاری هونەرییان بۆ ئەم بەرهەمە کردووە، کە پێکهاتوون لە یوسف ئیبراهیم و زیرەک عومەر بۆ کاری کامێرا، یوسف ئیبراهیم بۆ مۆنتاژ، و ئاسۆ حوسێن وەکندەرهێنەری کلیپەکە. هەروەها وێنەگرتنی ئەم پڕۆژەیە لە هۆڵی سەنتەری ڕۆشنبیری کەرکووک ئەنجامدراوە، کە لەلایەن ڕێبین مامۆستا محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەرەکەوە، هەموو ئاسانکارییەکی بۆ کراوە.
سەنتەری مۆسیقای ئازاد هەورامی مێژوویەکی دیاری لە شاری کەرکووک هەیە و لە ساڵی
٢٠٠٩ لەلایەن شەنۆ شاسواری، هاوسەری شەهیدی سەرکردە ئازاد هەورامی، دامەزراوە. ڕزگار حەمەڕەئوف، بەڕێوەبەری ئێستای سەنتەرەکە، ڕایگەیاند کە ئەوان بەردەوامن لە خولەکانی فێربوونی ئامێرە جیاوازەکانی وەک کەمانچە، پیانۆ، گیتار، و عود. هەروەها سەنتەرەکە خاوەنی ستۆدیۆیەکی تایبەتە بۆ تۆمارکردنی دەنگ و توانیویەتی چەندین ژەنیاری ئەکادیمی پێبگەیەنێت کە ئێستا لەسەر ئاستی کوردستان چالاکن.
ئەم بەرهەمە نوێیە وەک هەنگاوێکی تری سەنتەرەکە دادەنرێت بۆ دەوڵەمەندکردنی ئەرشیفی مۆسیقای کوردی. بەرهەمهێنەران هیوادارم ئەم کارە ببێتە مایەی ڕەزامەندی بینەران و هاندانێک بۆ فێرخوازان تا زیاتر پەرە بە بەهرەکانیان بدەن لە ژینگەیەکی ئەکادیمیدا.
PM:08:01:27/08/2026
ئهم بابهته 180
جار خوێنراوهتهوه