‌ناسا ئامادەکاری بۆ هەڵدانی تەلەسکۆپی بۆشاییگەری "نانسی گرەیس ڕۆمان" دەکات

وێستگە ستایل-

ناسا ئامادەکاری بۆ هەڵدانی تەلەسکۆپی بۆشاییگەری "نانسی گرەیس ڕۆمان" دەکات


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


ناسا و سپەیس ئێکس ئامادەکاری دەکەن بۆ هەڵدانی تەلەسکۆپی بۆشاییگەری "نانسی گرەیس ڕۆمان"، کە بڕیارە لە کۆتایی ئابی ٢٠٢٦دا لە ڕێگەی مووشەکی "فالکۆن هەڤی"یەوە ڕەوانە بکرێت. ئەم ئەرکە بۆ لێکۆڵینەوە لە گەورەترین پرسیارەکانی فیزیای گەردونییە، لەوانە وزەی تاریک، ماددەی تاریک و گۆڕانی گەلەئەستێرەکان.


تەلەسکۆپی ڕۆمان بۆ ئەوە دروستکراوە کە تەواوکەری تەلەسکۆپەکانی وەک "هەبڵ" و "جەیمس وێب" بێت نەک جێگەیان بگرێتەوە. سوودی گەورەی ئەم تەلەسکۆپە لەوەدایە کە مەودایەکی زۆر فراوان دەبینێت، ئەمەش ڕێگەی پێدەدات ناوچەیەکی زەبەلاحی ئاسمان بپشکنێت لە کاتێکدا وێنەی زۆر ورد دەگرێت.


زاناکان پێشبینی دەکەن ئەم تەلەسکۆپە بڕێکی ئێجگار زۆر لە داتا بەرهەم بهێنێت. تەلەسکۆپی ڕۆمان دەتوانێت ملیاران ئەستێرە و گەلەئەستێرە بپشکنێت و پێدەچێت دەیان هەزار هەسارەی نوێ لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر بدۆزێتەوە، ئەمەش زانیاری نوێمان دەداتێبدەربارەی چۆنیەتی دروستبوونی گەلەئەستێرەکان.


یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکان تێگەیشتنە لە وزەی تاریک، کە دیاردەیەکی نەزانراوە و دەبێتە هۆی خێراکردنی فراوانبوونی گەردوون. گەردوونناسان هیوادارن ڕووپێوییە گەورەکانی ئەم تەلەسکۆپە پێوانەی وردتریان بۆ مەوداکان و پێکهاتەی گەردوون بۆ دابین بکات.


هەروەها ئەم تەلەسکۆپە یارمەتیدەر دەبێت لە خوێندن و تێگەیشتن لە ماددەی تاریک. هەرچەندە ماددەی تاریک بە ڕاستەوخۆ نابینرێت، بەڵام کاریگەریی کێشکردنی لەسەر ئەستێرەکان و گەلەئەستێرەکان دەپێورێت و دەکرێت لە ڕێگەی ئەم ئامێرە نوێیەوە ڕاستییەکانی دەربکەوێت.


ئەرکی "ڕۆمان" تەنها بۆ دۆزینەوەی گەلەئەستێرەکان نییە، بەڵکو هەسارە دورەکانیش دەپشکنێت. لە ڕێگەی تەکنیکی وردەوە، گەردوونناسان دەتوانن ئەو هەسارانە بدۆزنەوە کە پێشتر بینینیان مەحاڵ بووە، بەتایبەت ئەو هەسارانەی کە زۆر لە ئەستێرەکانیانەوە دوورن.


ئەم ئەرکە لە کاتێکدایە کە دۆزینەوە گەردونییەکان لە زیادبووندان. ناسا لەم مانگەدا ڕایگەیاند کە تەلەسکۆپی "هەبڵ" بەڵگەی بەهێزی دۆزیوەتەوە کە گەلەئەستێرەیەکی کورتەبنە لەگەڵ ڕێڕەوی شیریدا تێکەڵ بووە، ئەمەش زانیاری نوێ دەدات دەربارەی مێژووی گەلەئەستێرەکەمان.


تەلەسکۆپی ڕۆمان وەک ئامێرێکی زەبەلاحی ڕووپێوکردن وایە کە دەتوانێت بڕێکی بێشومار زانیاری دەربارەی پێکهاتە و مێژووی گەردوون کۆبکاتەوە. ئەمەش داتایەکی زانستی مەزن بۆ فیزیا و گەردوونناسی و زانستی داتا فەراهەم دەکات کە بۆ ساڵانێکی زۆر لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.


سەرچاوە: بەڕێوەبەرایەتی ئەرکە زانستییەکانی ناسا و ناسا بۆ فیزیا، ئابی ٢٠٢٦.


PM:08:51:26/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل