بۆچی پێکاتن (Composition) بنەمایەکی سەرەکییە بۆ وێنەیەکی سەرکەوتوو؟
وێستگە ستایل-
بۆچی پێکاتن (Composition) بنەمایەکی سەرەکییە بۆ وێنەیەکی سەرکەوتوو؟
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
پێکاتن لە هونەری وێنەکێشان و وێنەگریدا، یەکێکە لە گرینگترین و لە هەمان کاتدا ئاڵۆزترین پرەنسیپەکان. زۆرێک لە ئێمە ڕەنگە نەتوانین پێناسەیەکی دەقیقی بۆ بکەین،bبەڵام تەنیا کاتێک هەست بە بوونی پێکاتنێکی سەرکەوتوو دەکەین کە هەموو توخمەکانی ناو وێنەکە لە شوێنی گونجاوی خۆیاندا بن و هاوسەنگییەکی تەواو دروست بکەن. وێنەیەک کە پێکاتنی باش بێت، نیوەی کارەکەی بە سەرکەوتوویی بڕیوە.
لە بنەڕەتدا، پێکاتن بریتییە لە سروشتی ڕێکخستن و شێوازی دانانی شتەکان لە تەنیشت یەکتر بۆ دروستکردنی یەکەیەکی تەواو. ئەگەر ڕەنگەکان گوزارشت لە گەرمی و ساردی یان ڕووناکی و تاریکی بکەن، ئەوا پێکاتن هونەری نیشاندانی جیاوازییەکانە؛ جیاوازی نێوان گەورە و بچووک، قەرەباڵغی و ئارامی. یەکێک لە بنەما هەرە گرنگەکان ئەوەیە کە نابێت هیچ دوو شتێک بە یەکسانی بکێشرێن؛ جیاوازی لە مەودا، بەرز و نزمی، و قەبارە، ئەو فاکتەرانەن کە گیان دەدەن بە وێنەیەکی هونەری.
سەرنجڕاکێشە کە منداڵان بە شێوەیەکی خۆڕسک و بێ ئەوەی بخوێنن، پێکاتنی زۆر باش لە وێنەکانیاندا بەکاردێنن. ئەوان هەموو گۆشە و ڕووبەری کاغەزەکە لەبەرچاو دەگرن، بەڵام کاتێک مرۆڤ گەورە دەبێت، زیاتر فۆکەس دەخاتە سەر وردەکارییەکان و ناوەڕۆک، و ئەو هاوسەنگییە گشتییەی لەبیر دەچێت. بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو داهێنەرییە، پێویستە فێر بینەوە کە چۆن سەیری کۆی وێنەکە بکەین نەک تەنیا وردەکارییەکی دیاریکراو. بۆ نموونە، کێشانی قتوویەکی کۆکاکۆڵای قوپاوی بە پێکاتنێکی نایاب، دەکرێت زۆر بەهێزتر بێت لە وێنەیەکی ئاڵۆزی بێ هاوسەنگی.
هەڵبژاردنی چوارچێوەی کارەکەش ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەبینێت. قاڵبی چوارقوزی
(Rectangular) وەک کاغەزی A4، ساکارترین و کلاسیکترین شێوەیە بۆ دروستکردنی پێکاتن، چونکە ڕێگە بە جیاکردنەوەی دیمەن (Landscape) و پۆرترێت دەدات. لە بەرامبەردا، چوارچێوەی چوارگۆشە زۆر قورسترە و پێویستی بە شارەزاییەکی زۆر هەیە بۆ دروستکردنی هاوسەنگی، چونکە زۆرجار کارەکە بە وشکی و دوور لە ناسکی دەردەخات.
یەکێک لە کلیلە ئەفسووناوییەکانی ئەم هونەرە، "یاسای یەک لە سێ" (Rule of Thirds)ە. ئەم یاسایە کە یەکەم جار لە ساڵی ١٧٩٧ لەلایەن جان تۆماس سمیت لە کتێبی "Remarks on
Rural Scenery" ئاماژەی پێکراوە، دەڵێت کە دەبێت وێنەکە بۆ سێ بەشی ئاسۆیی و ستوونی دابەش بکرێت. دانانی توخمە سەرەکییەکان لەسەر ئەو هێڵانە یان لە خاڵی یەکتربڕینیان، هاوسەنگییەکی بێوێنە و جوانییەکی سروشتی بە وێنەکە دەبەخشێت. هەروەها جەخت لەوە دەکرێتەوە کە نابێت لە یەک وێنەدا دوو سەرچاوەی تیشکی یەکسان هەبن؛ یەکێکیان دەبێت ئەسڵ بێت و ئەوانی تر پلە دوو بن.
لە کۆتاییدا، پێکاتنی باش بەستراوەتەوە بە دروستکردنی کۆنتراست و هاوئاهەنگی لەنێوان ڕووناکی و تاریکیدا. هیچ کەس نایەوێت کارێکی ناشیانە و بێ گیان پێشکەش بکات، بۆیە بەکارهێنانی زیرەکی و دیقەت لە دابەشکردنی بۆشاییەکاندا، وێنەکەت لە کارێکی سادەوە دەگۆڕێت بۆ شاکارێکی هونەری کە چاوی بینەر بە ئاسانی بەناو هەموو
بەشەکانیدا دەگەڕێت.
سەرچاوە: کتێبی Remarks on Rural Scenery - جان تۆماس سمیت، و بنەماکانی داڕشتنی
وێنە لای ڕامبراند و سێر جۆشوا ڕینۆڵدز.
PM:05:41:26/08/2026
ئهم بابهته 68
جار خوێنراوهتهوه