‌مژدەیەک بۆ هاووڵاتییان؛ کۆتایی گەرمای تاقەتپڕوکێن ڕاگەیەندرا

وێستگە ستایل-

مژدەیەک بۆ هاووڵاتییان؛ کۆتایی گەرمای تاقەتپڕوکێن ڕاگەیەندرا


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


دوای چەند رۆژێک لە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان، کەشناسان ئاماژە بە کۆتاییهاتنی شەپۆلەکانی گەرمای بەتین دەکەن و پێشبینی دەکەن لە کۆتایی ئەم مانگەدا پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوو لە دابەزین بکەن.


بەپێی راگەیێندراوی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، لە ئەمڕۆوە پلەکانی گەرما لە زۆربەی ناوچەکان یەک بۆ دوو پلە دادەبەزن و سبەیش گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بەسەر پلەکانی گەرمادا نایەت و هاوشێوەی تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ دەبن، تەنها لە دەڤەری گەرمیان نەبێت کە گەرماکەی وەک خۆی دەمێنێتەوە.


شارەزایانی کەشناسی باس لەوە دەکەن کە لەگەڵ کۆتاییهاتنی مانگی ئاب، پلەکانی گەرما نزیکەی پێنج پلەی دیکە دادەبەزن و پێناچێت چیتر گەرمایەکی وا بەتین لەم وەرزەدا دووبارە ببێتەوە. هاوکات پێشبینی چالاکبوونی بای رۆژئاوا و دروستبوونی تۆز و خۆڵێکی کەم دەکرێت کە لەگەڵ دابەزینی زیاتری پلەکانی گەرما، ئەگەری زیادبوونی ئەو تۆز و خۆڵە زیاتر دەبێت.


هۆکاری ئەم فێنکبوونەوەیەی کەشوهەوا بۆ کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی نزمەپەستانی وەرزیی زەریای هیندی دەگەڕێتەوە، کە هۆکاری سەرەکی شەپۆلەکانی گەرمای هاوینە. بە کشانەوەی ئەو نزمەپەستانە و هاتنی بارستە هەوایەکی فێنک، ناوچەکە لە گەرمایەکی بێزارکەر ڕزگاری دەبێت.


بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، پلەی گەرمای شارەکانی کوردستان بۆ سبەی بەمشێوەیە دەبێت: هەولێر ٤٢، سلێمانی ٤١، دهۆک ٤١، هەڵەبجە ٤٣، پیرمام ٣٩، چەمچەماڵ ٤١، زاخۆ ٤٣، ئاکرێ ٤٣، گەرمیان ٤٧، و حاجی ئۆمەران ٣٥ پلەی سیلیزی.


سەرچاوە: بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و شارەزایانی بواری کەشوهەوا.


PM:07:18:24/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل