‌گەشەی وزە نوێبووەوەکان خێراتر دەبێت و وزەی خۆر دەبێتە سەرچاوەی سەرەکی کارەبا

وێستگە ستایل-

گەشەی وزە نوێبووەوەکان خێراتر دەبێت و وزەی خۆر دەبێتە سەرچاوەی سەرەکی کارەبا


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


وزەی نوێبووەوە لە ساڵی ٢٠٢٦دا بە خێرایی بەردەوامە لە فراوانبوون، کاتێک وزەی خۆر وەک بەهێزترین بزوێنەری توانای نوێی کارەبا دەمێنێتەوە و دەبێتە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی وزە لە جیهاندا.


ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە پێشبینی دەکات بەرهەمهێنانی کارەبای نوێبووەوە زیاتر لە ٨٪ لە ساڵی ٢٠٢٦دا گەشە بکات، و چاوەڕوان دەکرێت وزە نوێبووەوەکان لەم ساڵەدا لە بەرهەمهێنانی کارەبای جیهانیدا پێش خەڵوز بکەون. پشکی ئەوان لە کارەبای جیهانی لە ٣٣٪ لە ساڵی ٢٠٢٥ەوە بۆ ٣٧٪ لە ساڵی ٢٠٢٧ بەرز دەبێتەوە.


وزەی خۆر (Photovoltaic) لە چەقی ئەم وەرچەرخانەدایە. ئاژانسەکە پێشبینی دەکات بەرهەمهێنانی کارەبای خۆر لە ساڵی ٢٠٢٦دا نزیکەی ٦٠٠ تێراوات-کاژێر زیاد بکات. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت وزەی خۆر لە ساڵی ٢٠٢٦دا پێش وزەی با بکەوێت و ببێتە دووەم گەورەترین سەرچاوەی کارەبای نوێبووەوە لە دوای وزەی ئاو.


ئەم فراوانبوونە تەنها لە توانای نوێدا نییە؛ چەندین وڵاتی ئەوروپی لە مانگی ئابدا ژمارەی پێوانەیی بەرهەمهێنانی وزەی خۆریان تۆمارکرد. ئیسپانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا و پورتوگال لە سەرەتای ئابدا ئاستێکی بەرزیان تۆمارکرد، لەکاتێکدا ئەڵمانیا ٤٥٠ گێگاوات-کاژێری لە یەک ڕۆژدا بەرهەمهێنا.


کەرتی وزە نوێبووەوەکان بە گشتی گەیشتووەتە ڕیکۆردی نوێ. بەگوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، توانای کارەبای نوێبووەوە لە جیهاندا لە ساڵی ٢٠٢٥دا ١٦٪ زیادی کردووە، کە وزەی خۆر سێ لەسەر چواری ئەم زیادبوونەی پێکهێناوە.


بەڵام گەشەی خێرا ئاڵەنگاری نوێ دروست دەکات. پێویستە تۆڕەکانی کارەبا فراوانتر و مۆدێرنتر بکرێن بۆ ئەوەی بتوانن ئەو بڕە زۆرە و گۆڕاوەی وزەی خۆر و با لەخۆ بگرن.


وزەی خۆر لە تەکنەلۆژیایەکی گەشەسەندوەوە دەگۆڕێت بۆ پێکهاتەیەکی سەرەکی لە سیستەمی کارەبای جیهانی. قۆناغی داهاتووی ئەم گۆڕانکارییە تەنها بەستراوە نییە بە دانانی پانێڵی زیاتر، بەڵکو بەستراوەیە بە باشترکردنی کۆگاکردن و تۆڕەکانی گواستنەوە.


سەرچاوەکان: ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە و PV Magazine Global.


PM:10:19:16/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 52 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل