بارستە هەوایەکی سارد و بارانی بەخوڕ هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
وێستگە ستایل-
بارستە هەوایەکی سارد و بارانی بەخوڕ هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرای دەکات کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بارستە هەوایەکی سارد ناوچەکە دەگرێتەوە و پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ و هەورەبروسکە لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ دەستپێبکات.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند، بەهۆی دروستبوونی بارستە هەوایەکی سارد لە چینەکانی سەرەوەی بەرگەهەوای دەریای ناوەڕاستەوە، لەم چەند ڕۆژەدا زۆرینەی ناوچەکانی تورکیا و باکووری ڕۆژئاوای سووریا رووبەڕووی بارانی بەخوڕ و هەورەبروسکە دەبنەوە و مەترسی دروستبوونی لافاو لەو ناوچانە هەیە.
کاریگەرییەکانی ئەم شەپۆلە لە ڕۆژی سێشەممە 18ـی ئاب دەگاتە ناوچەکانی هەرێمیبکوردستان و عێراق، کە تێیدا پلەکانی گەرما بە ڕێژەی 3 بۆ 5 پلەی سیلیزی نزمبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن. پێشبینیش دەکرێت کاریگەرییەکانی ئەم نزمە پاڵەپەستۆیە تاوەکو 20ـی ئاب بەردەوامی هەبێت.
ئەم گۆڕانکارییە کەشوهەواییانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە وەرزی هاویندایە، بەڵام دروستبوونی ئەم بارستە هەوایە ساردە لە دەریای ناوەڕاستەوە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما و دەستپێکردنی بارانبارین دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە، پسپۆڕانی کەشناسی مژدەی ئەوە دەدەن کە وەرزی پایزی ئەمساڵ پێشوەختە دەستپێبکات و پێشبینی دەکرێت بڕێکی باش و پێویست لە باران ببارێت، کە ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر ژینگەی ناوچەکە دەبێت.
سەرچاوە: ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی
PM:10:18:14/08/2026
ئهم بابهته 3660
جار خوێنراوهتهوه