کازم ساهیر دەچێتە ڕیزبەندی جیهانی و دەبێتە ئەندامی لیژنەی دەنگدانی "گرامی"
وێستگە ستایل-
کازم ساهیر دەچێتە ڕیزبەندی جیهانی و دەبێتە ئەندامی لیژنەی دەنگدانی "گرامی"
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
کازم ساهیر، قەیسەری گۆرانیی عەرەبی، لەلایەن ئەکادیمیای تۆمارکردنی ئەمریکییەوە
(Recording Academy) بانگهێشتنامەی فەرمی پێگەیشت بۆ ئەوەی ببێتە ئەندام لەو دامەزراوە نێودەوڵەتییە، کە ساڵانە خەڵاتە بەناوبانگەکانی "گرامی" دابەش دەکات.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە ئەکادیمیاکە ناوی ئەم هونەرمەندە ناودارە عێراقییەی وەک یەکێک لە ئەندامە نوێیەکانی ساڵی ٢٠٢٤ ڕاگەیاند، بەمەش کازم ساهیر مافی ئەوەی دەبێت هاوشانی گەورەترین موزیسیانەکانی جیهان بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان بۆ دیاریکردنی براوەکانی خەڵاتی گرامی بکات.
بەپێی مەرجەکانی ئەکادیمیاکە، ئەم ئەندامێتییە تەنها بۆ ئەو کەسانەیە کە کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر پیشەسازی موزیک هەبووە، کازم ساهیریش وەک ئاوازدانەر و گۆرانیبێژێک لەمەودوا دەتوانێت دەنگ لەسەر بەربژێرەکان بدات، ئەمەش پێگەی موزیکی عەرەبی لە ناوەندە جیهانییەکاندا بەهێزتر دەکات.
ئەکادیمیای تۆمارکردن (Recording Academy) بە پڕۆفیشناڵترین دامەزراوەی موزیکی لە جیهاندا دادەنرێت و خەڵاتی "گرامی" کە پێشکەشی دەکات، بە یەکسانی "ئۆسکاری سینەما" لە قەڵەم دەدرێت، کازم ساهیر کە لە ساڵی ١٩٥٧ لە موسڵ لەدایکبووە، یەکێکە لە دەگمەنترین هونەرمەندە عەرەبەکان کە دەگاتە ئەم ئاستە لە ئەندامێتی نێودەوڵەتی.
ئەم دەستکەوتە نوێیەی کازم ساهیر کاردانەوەی زۆری لە میدیا عەرەبی و جیهانییەکاندا لێکەوتەوە و وەک ڕێزگرتنێک لە مێژووە پڕ لە داهێنانەکەی قەیسەر سەیر دەکرێت، کە بۆ ماوەی چەندین دەیە توانیویەتی موزیکی ڕەسەن و نوێگەری پێکەوە کۆبکاتەوە.
سەرچاوەکان: ماڵپەڕی فەرمی Recording Academy (Grammy), سکای نیوز عەرەبییە، ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)
PM:08:43:12/08/2026
ئهم بابهته 68
جار خوێنراوهتهوه