‌پەردە لەسەر نهێنییەکانی مۆندیالی 2026 لادەبرێت؛ مێسی لە چەندین پلانی کوشتن ڕزگاری بووە

وێستگە ستایل-

پەردە لەسەر نهێنییەکانی مۆندیالی 2026 لادەبرێت؛ مێسی لە چەندین پلانی کوشتن ڕزگاری بووە


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


پاش کۆتاییهاتنی یارییەکانی جامی جیهانیی 2026، چەند بەڵگەنامەیەکی ئەمنی نهێنی دزەیان پێکراوە کە دەری دەخەن لیۆنێل مێسی، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، لە میانی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکەدا ڕووبەڕووی چەندین پلانی مەترسیداری کوشتن و هێرشی تیرۆریستی ببووەوە کە تا ئێستا بە شاراوەیی مابوونەوە.


ئەو بەڵگەنامانەی ئێستا بڵاوکراونەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی مۆندیال لە وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک، دەزگا ئەمنییەکان لەوپەڕی ئامادەباشیدا بوون بۆ بەرپەرچدانەوەی چەندین هەڕەشەی جدی کە ڕاستەوخۆ ژیانی یاریزانان و بەرپرسان، و بەتایبەت مێسییان کردبووە ئامانج.


بەپێی زانیارییە ئاشکراکراوەکان، لە یەکێک لە ڕووداوەکاندا پۆلیس پەیوەندییەکی تەلەفۆنی پێگەیشتبوو کە تێیدا کەسێک ڕایگەیاندبوو لەگەڵ دوو هاوڕێیدا بە چەکی جۆری

AR-15 و بۆمبی دەستکردەوە بەرەو یاریگای دالاس بەڕێوەن بۆ هێرشکردنە سەر مێسی و یاریزانانی تری هەردوو تیم. هەروەها هەڕەشەیەکی تر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X بڵاوکرابووەوە کە تێیدا ئاماژە بە تەقاندنەوەی چوار بۆمب لە یاریگای ئەتلەنتا کرابوو لە کاتی یارییەکەی ئەرجەنتین و میسردا بە مەبەستی کوشتنی مێسی.


مێسی کە وەک گەورەترین سیمبولی تۆپی پێی جیهان ناسراوە، هەمیشە لە ژێر پارێزگارییەکی توندی ئەمنیدا بووە. ئەم بەڵگەنامانە دەیسەلمێنن کە سەرەڕای تێپەڕبوونی یارییەکان بە ئاشتی و کۆتاییهاتنی مۆندیال، بەڵام لە پشت پەردەوە جەنگێکی ئەمنی گەورە هەبووە بۆ پاراستنی گیانی یاریزانەکان لەو پلانە تیرۆریستییانەی کە هەوڵی شێواندنی گەورەترین چالاکیی وەرزشییان دەدا.


بڵاوبوونەوەی ئەم زانیارییانە لە ئێستادا، قەبارەی ئەو مەترسییە نیشان دەدات کە لەسەر ئەستێرە جیهانییەکان هەبووە و دەری دەخات کە چۆن دەزگا ئەمنییەکان توانیویانە بە بێدەنگی ئەو پلانانە پووچەڵ بکەنەوە و ڕێگری لە کارەساتێکی گەورە بگرن کە دەکرا جیهان تووشی شۆک بکات.


میدیا جیهانییەکان


PM:04:53:08/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل