پارتینۆن؛ شاکارە هەرە درەوشاوەکەی تەلارسازیی یۆنانی کۆن و سیمبولی دیموکراسی
وێستگە ستایل-
پارتینۆن؛ شاکارە هەرە درەوشاوەکەی تەلارسازیی یۆنانی کۆن و سیمبولی دیموکراسی
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
پارتینۆن، ئەو پەرستگا مەزنەی کە لەسەر لوتکەی گردی ئاکرۆپۆلیس لە شاری ئەسینا وەستاوە، تەنها شوێنەوارێکی مێژوویی نییە، بەڵکو بە یەکێک لە کاریگەرترین وبناسراوترین بیناکانی جیهان دادەنرێت کە وەک گەواهیدەرێکی زیندووی شکۆمەندیی شارستانییەتی یۆنانی کۆن و داهێنانی مرۆیی ماوەتەوە.
لە ئێستادا، ئەم شوێنەوارە جیهانییە نەک تەنها وەک ناوەندی سەرنجی ملیۆنان گەشتیار ماوەتەوە، بەڵکو بەردەوام لە ناوەندە کولتوورییەکاندا باسی لێوە دەکرێت، بەتایبەتبلەبارەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی یۆنان بۆ گەڕاندنەوەی "مەڕمەڕەکانی پارتینۆن" لە بەریتانیا و ئەو پڕۆژە گەورانەی نۆژەنکردنەوە کە ئامانجیان پاراستنی ناسنامە ڕەسەنەکەیەتی لە دەستوەردانی سروشتی.
پارتینۆن بە بەکارهێنانی مەڕمەڕی سپی دروستکراوە و بەوە ناسراوە کە هیچ هێڵێکی تەواو ڕێکی تێدا نییە؛ تەلارسازەکان بە ئەنقەست هەندێک لاری و چەمانەوەی وردیان لە ستوونەکانیدا بەکارهێناوە تا لە چاوی مرۆڤەوە بە تەواوی ڕێک و هاوسەنگ دەربکەوێت، ئەمەش لووتکەی زیرەکیی ئەندازیاری و بیرکاریی ئەو سەردەمە نیشان دەدات کە تا ئێستاش ئەندازیاران سەرسام دەکات.
مێژووی دروستکردنی ئەم بینایە بۆ ساڵانی ٤٤٧ تا ٤٣٢ پێش زایین دەگەڕێتەوە، کە وەک پەرستگایەک بۆ خوداوەندی "ئەتینا" بنیادنرا. لە درێژەی مێژوودا، بیناکە گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە؛ لە پەرستگاوە بووەتە کەنیسەی مەسیحی، دواتر لە سەردەمی عوسمانییەکاندا کراوە بە مزگەوت، و لە ساڵی ١٦٨٧دا بەهۆی تەقینەوەی کۆگایەکی بارووت لە کاتی شەڕدا، بەشێکی زۆری زیانی بەرکەوت.
سەرەڕای هەموو ئەو جەنگ و گۆڕانکارییانەی بەسەریدا هاتووە، پارتینۆن هێشتا وەک
هێمایەکی نێودەوڵەتی بۆ شارستانییەت، ئازادی و هونەری کلاسیک دەمێنێتەوە. وەک میراتێکی جیهانیی یونسکۆ، پاراستنی ئەم تەلاری شکۆمەندە نەک تەنها بۆ یۆنانییەکان، بەڵکو بۆ تەواوی مرۆڤایەتی وەک پاراستنی ڕەگی مەعریفە و جوانی تەماشا دەکرێت.
سەرچاوە: ماڵپەڕی فەرمی یونسکۆ - بەشی شوێنەوارە جیهانییەکان
PM:01:54:03/08/2026
ئهم بابهته 60
جار خوێنراوهتهوه