کریستیانو رۆناڵدۆ و جۆرجینا رۆدریگێز هاوسەرگیری دەکەن؛ هەموو زانیارییەکان دەربارەی ئاهەنگە شاهانەکەی دوورگەی مادێرا بزانە
وێستگە ستایل-
کریستیانو رۆناڵدۆ و جۆرجینا رۆدریگێز هاوسەرگیری دەکەن؛ هەموو زانیارییەکان دەربارەی ئاهەنگە شاهانەکەی دوورگەی مادێرا بزانە
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
کریستیانو رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و گۆڵکاری یانەی نەسڕی سعوودی، دوای چەندین ساڵ لە پەیوەندییە سۆزدارییەکەیان، دواجار بڕیاریدا لە رێوڕەسمێکی شکۆداردا لە کۆتایی هەفتەی داهاتوو ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ جۆرجینا رۆدریگێز پێکبهێنێت.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "سەن"ـی بەریتانی، دۆنی تەمەن 41 ساڵ، بڕیاریداوە لە کاتدراڵی شاری مادێرای زێدی خۆی، گرێبەستی هاوسەرگیری لەگەڵ جۆرجینای تەمەن 32 ساڵ واژۆ بکات. بڕیارە رێوڕەسمەکە سەعات 3:00ـی پاشنیوەڕۆ دەستپێبکات و دوای رێوڕەسمە ئایینییەکە، میوانەکان بەرەو هۆتێلی "ساڤۆی پالاس"ـی پێنج ئەستێرەیی بەڕێبکەون بۆ ئەنجامدانی ئاهەنگی پێشوازیکردن.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئامادەکارییەکان لە هۆتێلی ساڤۆی پالاس گەیشتوونەتە لوتکە و کارگێڕیی هۆتێلەکە میوانەکانیان ئاگادارکردووەتەوە کە رۆژانی هەینی و شەممەی داهاتوو، دوو نهۆمی تەواوی هۆتێلەکە و چەندین شوێنی تایبەت و باڕ دادەخرێن. ئەم رێکارانەش تەنیا بۆ دابینکردنی کەشێکی تایبەت و پاراستنی تەواوی نهێنییەکانی ئاهەنگی هاوسەرگیریی ئەم ئەستێرە جیهانییەیە تاوەکو لە چاوی میدیاکان دوور بن.
هەرچەندە پێشتر دەنگۆی ئەوە هەبوو کە ئاهەنگەکە لە باخی "کینتا دا ریگالێرا" لە شاری سینترا بێت، بەڵام رۆناڵدۆ بڕیاریدا شوێنەکە بگۆڕێت بۆ مادێرا. هۆکاری ئەم گۆڕانکارییەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شوێنەکەی پێشوو لە کۆتایی هەفتەدا بەڕووی گەشتیاراندا کراوەیە و رۆناڵدۆ ویستوویەتی لە قەرەباڵخی و هاوێنەی کامێراکان بەدوور
بێت.
هەڵبژاردنی شاری مادێرا لایەنێکی سۆزداریی بەهێزی لەپشتە، چونکە رۆناڵدۆ سەرەڕای ئەوەی سەرمایەکەی بە زیاتر لە 1.2 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ رەگ و ریشەی خۆی. ئەو لەم شارەدا لە خێزانێکی هەژار گەورە بووە و لە تەمەنی 11 ساڵیدا ماڵەکەی جێهێشتووە بۆ ئەوەی ببێتە ئەفسانەی تۆپی پێ، بۆیە دەیەوێت گرنگترین رۆژی ژیانی لەو شوێنە بێت کە تێیدا لەدایکبووە.
چاودێران پێشبینی دەکەن ئەم ئاهەنگە ببێتە یەکێک لە گەورەترین و دەنگدانەوەترین رووداوە کۆمەڵایەتییەکانی جیهانی وەرزش لەم ساڵدا، کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە ئەستێرە و کەسایەتییە ناودارەکانی جیهان بەشداری تێدا دەکەن.
سەرچاوە: رۆژنامەی سەنی بەریتانی
PM:04:55:02/08/2026
ئهم بابهته 92
جار خوێنراوهتهوه