سەرەڕای سستی بازاڕ و قەیرانی مووچە؛ ئامێرەکانی ستارلینک لە عێراقدا نەمان
وێستگە ستایل-
سەرەڕای سستی بازاڕ و قەیرانی مووچە؛ ئامێرەکانی ستارلینک لە عێراقدا نەمان
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
لەگەڵ ئەوەی بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەهۆی دواکەوتنی مووچە و کەمیی
نەختینەوە سستییەکی زۆریان پێوە دیارە، بەڵام کەرتی تەکنەلۆجیا بە شێوەیەکی
چاوەڕواننەکراو لە گەشەدایە و بڕی تەرخانکراوی ئامێرەکانی ستارلینک بۆ عێراق بە
تەواوی فرۆشراون.
بەپێی زانیارییەکانی پلاتفۆرمی فەرمیی کۆمپانیای ستارلینک، داواکاریی هاووڵاتییانی
عێراق بۆ ئینتەرنێتی ئاسمانی گەیشتووەتە ئەوپەڕی توانا، ئەمەش وایکردووە کۆمپانیاکە
سیستەمی لیستی چاوەڕوانی کارا بکات؛ بە جۆرێک هاووڵاتییان دەبێت پارەی سەرەتایی
بدەن و چاوەڕێ بکەن تاوەکو وەجبەی نوێی ئامێرەکان دەگاتە وڵات.
ئەم خواستە زۆرەی هاووڵاتییان لە کاتێکدایە کە تێچووی بەدەستهێنانی خزمەتگوزارییەکە
بەرزە، بەو پێیەی کڕینی ئامێرەکە نزیکەی 375 دۆلاری تێدەچێت و بڕی ئابوونەی
مانگانەشی نزیکەی 62,000 دیناری عێراقییە، کە لەم دۆخە داراییەدا بڕێکی بەرچاوە.
پسپۆڕانی ئابووری و تەکنەلۆجیا ئاماژە بەوە دەکەن، پەنابردن بۆ ئەم جۆرە ئینتەرنێتە
تەنها بۆ کات بەسەربردن نییە، بەڵکو پەیوەستە بە گۆڕانی سروشتی کار لە عێراقدا؛ بۆ
ئەو کەسانەی لە بوارەکانی پرۆگرامسازی، دیزاین، بازرگانی ئەلیکترۆنی و دروستکردنی
ناوەڕۆک کار دەکەن، هەبوونی ئینتەرنێتێکی جێگیر بووەتە پێویستییەکی پیشەیی و وەک
وەبەرهێنان دەبینرێت نەک تەنها خەرجییەکی زیادە.
هەروەها خراپی و ناجێگیریی خزمەتگوزاریی کۆمپانیا ناوخۆییەکان وایکردووە خاوەنکاران
ستارلینک وەک جێگرەوەیەکی متمانەپێکراو ببینن، بەتایبەت دوای ئەوەی کۆمپانیاکە
مۆڵەتی فەرمی کارکردنی لە عێراق وەرگرتووە و چیتر بەکارهێنەران لە بڕانی کتوپڕ یان
سستی خزمەتگوزارییە ناوخۆییەکان ناترسن.
سەرچاوە: پلاتفۆرمی ستارلینک، داتا تەکنەلۆژییەکان
PM:06:42:31/07/2026
ئهم بابهته 64
جار خوێنراوهتهوه