‌ئیڵۆن مەسک هۆشداریی لە "خۆکوژیی" ئەورووپا دەدات: کۆچبەران داگیرکەرن

وێستگە ستایل-

ئیڵۆن مەسک هۆشداریی لە "خۆکوژیی" ئەورووپا دەدات: کۆچبەران داگیرکەرن

وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان

ملیاردێری ناوداری ئەمریکی، ئیڵۆن مەسک، بە زنجیرەیەک پۆستی توند لە تۆڕی
کۆمەڵایەتی "ئێکس"، سەرنجی جیهانی بۆ لای قەیرانی کۆچبەران لە شارە سنوورییەکانی
ئیسپانیا راکێشا و هۆشداری لە داهاتووی کیشوەری ئەورووپا دەدات، ئەمەش کاردانەوەی
فراوانی لە میدیاکاندا دروست کردووە.

مەسک بۆ وێناکردنی دۆخی شاری سیوتای ئیسپانی لە باکووری ئەفریقا، سەرەتا پارچە
ڤیدیۆیەکی فیلمی "World War Z"ی بڵاوکردەوە کە تێیدا هەزاران زۆمبی بەسەر دیوارێکی
بەرزدا سەردەکەون، دواتر بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکی ڕاستەقینەی لێشاوی کۆچبەران کە
بەسەر پەرژینەکاندا دەپەڕنەوە، جەختی لەوە کردەوە کە ئەوەی روودەدات "شێتییە" و
کۆچبەرانی بە "داگیرکەر" ناوبرد.

ئەم هەڵوێستانەی مەسک تەنها لە سنوورەکانی ئەورووپا نەوەستان، بەڵکو پەیوەست کران
بە سیاسەتە ناوخۆییەکانی ئەمریکاشەوە. ستیڤن میڵەر، بەرپرسی پێشووی کۆشکی سپی،
دۆخەکەی بە هاوشێوەی سنوورەکانی ئەمریکا لە سەردەمی بایدن وەسف کرد. مەسکیش لە
وەڵامدا ئاماژەی بەوە کرد کە "ئەورووپا خەریکە خۆی دەکوژێت" چونکە بەپێی یاساکان
ناتوانێت ئەو کەسانە دیپۆرت بکاتەوە کە داوای مافی پەنابەری دەکەن.

شاری سیوتا، کە دەکەوێتە باکووری کیشوەری ئەفریقا و لەژێر دەسەڵاتی ئیسپانیادایە،
بە تەنها دەروازەی وشکانیی نێوان ئەفریقا و یەکێتیی ئەورووپا دادەنرێت. لە ماوەی
چەند ڕۆژی رابردوودا زیاتر لە 60 هەزار کۆچبەر لە مەغریبەوە هەوڵی تێپەڕاندنی
پەرژینە بەرزەکانی ئەو شارەیان داوە، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 41 کەس
و دروستبوونی تەنگژەیەکی مرۆیی و ئەمنی گەورە.

سەرەڕای ئەم مشتومڕانە، ئامارەکان دەریدەخەن کە لە کۆی 50 ملیۆن دانیشتووی
ئیسپانیا، نزیکەی 10 ملیۆنیان لە دەرەوەی وڵات لەدایکبوون. ئەم کۆچبەرانە کە
زۆربەیان خەڵکی مەغریب و وڵاتانی ئەمریکای لاتینن، ئێستا رۆڵێکی سەرەکی و گرنگ
دەگێڕن لە بەڕێوەبردنی سێکتەرەکانی کشتوکاڵ، گەشتیاری و خزمەتگوزاری لە ناوخۆی
ئیسپانیادا.

سەرچاوە: تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ئاژانسە هەواڵییە نێودەوڵەتییەکان


PM:06:39:31/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل