بۆچی تا ئێستا هیچ پردێک لەسەر ڕووباری ئەمازۆن دروست نەکراوە؟
وێستگە ستایل-
بۆچی تا ئێستا هیچ پردێک لەسەر ڕووباری ئەمازۆن دروست نەکراوە؟
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
ڕووباری ئەمازۆن، کە بە شاژنی ڕووبارەکانی جیهان و درێژترین نیشتیمانی ئاو ناسراوە، سەرەڕای گرنگییە ئابووری و جوگرافییەکەی، نهێنییەکی سەیر لەخۆدەگرێت؛ ئەویش ئەوەیە کە بە درێژایی حەوت هەزار و ١٠٠ کیلۆمەتر، تەنانەت یەک پردیشی لەسەر بنیاد نەنراوە و مرۆڤ نەیتوانیوە بە وشکانی بەسەریدا بپەڕێتەوە.
ئەم ڕووبارە مەزنە کە لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کیشۆری ئەمریکای باشوور درێژ دەبێتەوە، بەشێکی زۆری لەناو خاکی بەڕازیلدایە. نەبوونی هیچ پردێک لەم مەودا دوورەدا وایکردووە دانیشتووانی ئەو ناوچانە نەتوانن بە ئۆتۆمبێل و لە ڕێگەی وشکانییەوە لە باشووری وڵاتەکەیانەوە بەرەو باکوور گەشت بکەن، بەڵکو تەنها ڕێگەی گواستنەوە بۆ ئەوان پەنابردنە بەر کەشتی و بەلەمەکانە.
هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخە بۆ سروشتی ناوازەی ناوچەکە دەگەڕێتەوە، چونکە ئەمازۆن لە ناوجەرگەی دارستانە چڕەکاندایە و لە زۆربەی ڕۆژەکانی ساڵدا بارانی بەخوڕی تێدا دەبارێت. ئەم بارانە بەردەوامە دەبێتە هۆی ئەوەی پانی ڕووبارەکە لە بارودۆخی ئاساییدا کە ١٠ کیلۆمەترە، لە کاتی لافاو و بارانی زۆردا بۆ ٥٠ کیلۆمەتر زیاد بکات، ئەم گۆڕانکارییە گەورەیەش لە ئاست و پانی ئاودا، پرۆسەی ئەندازیاری و جێگیرکردنی پردی مەحاڵ کردووە.
لە لایەکی دیکەوە، زانایان لەم دواییانەدا ڕووبارێکی دیکەیان لە ژێر ڕووباری ئەمازۆندا دۆزییەوە کە بە ڕووباری "حامزا" دەناسرێت. ئەم دۆزینەوەیە ئەوەی سەلماند کە خاکی ئەم ناوچەیە یەکجار نەرم و شێدارە، بە جۆرێک کە بۆ کاری بیناسازی و دانانی بنکەی قورسی پردەکان گونجاو نییە و خاکەکە توانای هەڵگرتنی کێشی زەبەلاحی نییە.
سروشتی سەرکێشی ئەمازۆن و گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی لە وەرزە جیاوازەکاندا، تا ئێستا بەسەر تەکنەلۆژیای مرۆڤدا سەرکەوتووە و وایکردووە ئەم ڕووبارە بەبێ هیچ پردێک وەک یەکێک لە سەرسوڕهێنەرترین دیاردە سروشتییەکانی جیهان بمێنێتەوە.
سەرچاوە: میدیا جیهانییەکان
PM:05:50:29/07/2026
ئهم بابهته 332
جار خوێنراوهتهوه