‌هۆشدارییەکی بەپەلە لە بەرگریی شارستانییەوە؛ پلەی گەرما دەگاتە ٥٥ پلە و چەند ڕێنماییەک بڵاوکرایەوە

وێستگە ستایل-

هۆشدارییەکی بەپەلە لە بەرگریی شارستانییەوە؛ پلەی گەرما دەگاتە ٥٥ پلە و چەند ڕێنماییەک بڵاوکرایەوە


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرما بەهێزەی ڕوو لە ناوچەکە دەکات، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرگریی شارستانی هەرێمی کوردستان هۆشدارییەکی بەپەلە دەداتە هاوڵاتییان و داوایان لێدەکات ڕێکارە سەلامەتییەکان بگرنەبەر بۆ پاراستنی گیان و ماڵیان.


بەپێی پێشبینییە فەرمییەکان، لە ڕۆژانی داهاتوودا پلەکانی گەرما لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبنەوە و لە نێوان ٤٧ بۆ ٥٥ پلەی سیلیزیدا دەبن، ئەمەش بارودۆخێکی نائاسایی و مەترسیدار بۆ هاوڵاتییان دروست دەکات.


بەرگریی شارستانی چەند ڕێنماییەکی گرنگی بۆ شۆفێران و ماڵان بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا جەخت دەکاتەوە نابێت چەرخ، سپرا، عەتر، خواردنەوە گازییەکان و پاتری ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لە ناو ئۆتۆمبێلدا جێبهێڵدرێن. هەروەها داوا دەکات پەنجەرەی ئۆتۆمبێلەکان کەمێک کراوە بن و تانکی بەنزین بەتەواوی پڕ نەکرێت، باشتر وایە لە کاتەکانی شەودا بەنزین تێبکرێت و گەشتی بێوێنە لە نیوەڕۆاندا ئەنجام نەدرێت. بۆ ناو ماڵەکانیش، ئامۆژگاری هاوڵاتییان دەکرێت کە بوتڵی گاز لەبەر خۆر دانەنێن، فشار لەسەر کارەبا کەم بکەنەوە و ئاگاداری مار و دووپشک بن کە لەم گەرمایەدا ڕوو لە ناوماڵەکان دەکەن.


ئەم شەپۆلە گەرمایە هاوکات دەبێت لەگەڵ دەرکەوتنی "هەوری کەڵەکەبوو" (سحب رکامیە)، کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی ئۆکسجین و دروستبوونی کەشێکی خنکێنەر لە زۆربەی ناوچەکاندا، ئەمەش مەترسییەکان لەسەر بارودۆخی تەندروستی مرۆڤ دووقات دەکاتەوە.


لە کۆتاییدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە هاوڵاتییان بەردەوام ئاو و شلەمەنی بخۆنەوە و لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی تا ٣ی دوای نیوەڕۆ بە هیچ شێوەیەک بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەبەر تیشکی خۆردا نەمێننەوە بۆ ئەوەی لە مەترسییەکانی جەڵتەی گەرما پارێزراو بن.


سەرچاوە: ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان.


PM:12:21:10/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل