‌دەروێش عەبدوڵڵا؛ ئەو هونەرمەندە "گومناو"ەی کە گۆرانی شاعیر بە فریشتەی موزیک وەسفی کردووە

وێستگە ستایل-

دەروێش عەبدوڵڵا؛ ئەو هونەرمەندە "گومناو"ەی کە گۆرانی شاعیر بە فریشتەی موزیک وەسفی کردووە


سۆلین عوسمان - وێستگە ستایل 


لە لاپەڕەکانی مێژووی هونەری کوردیدا، کەسایەتی گەلێک هەن کە سەرەڕای لێهاتوویی و شارەزاییە بێوێنەکەیان، بە "گومناو" وەسف دەکرێن. دەروێش عەبدوڵڵا، یەکێکە لەو هونەرمەندە دەگمەن و دەنگە ڕەسەنانەی باشووری کوردستان کە شارەزایانی بواری هونەر و موزیک وەک گەوهەرێکی شاراوە لە مێژووی ئێمەدا ناوی دەبەن، کەسێک کە موزیک و عیرفانی تێکەڵ کردبوو.


عەبدوڵڵا قادر محەممەد، کە بە دەروێش عەبدوڵڵا ناسراوە، لە ساڵی ١٨٩٠ لەدایکبووە. ئەو تەنها گۆرانیبێژ نەبووە، بەڵکو دەفژەنێکی دەستڕەنگین و شارەزایەکی قووڵی مەقام و گۆرانییە کوردییەکان بووە. بە گوتەی لێکۆڵەران و مێژوونووسانی هونەر، دەروێش عەبدوڵڵا شارەزاییەکی زۆری لە مەقامدا هەبووە و ئەم زانستە هونەرییەشی لە ڕێگەی سەردانیکردنی بەردەوامی کۆڕ و دانیشتنە هونەری و ئەدەبییەکانی ئەو سەردەمەوە بەدەستهێناوە، کە تێیدا مۆسیقای کوردی بە زیندوویی دەپارێزرا.


خاڵی هەرە سەرنجڕاکێش لە ژیانی ئەم هونەرمەندەدا، پەیوەندییە ڕۆحی و هونەرییەکەیەتیبلەگەڵ "گۆران"ی شاعیری گەورەی کورد. گۆران لە یەکێک لە دەقە هەرە بەناوبانگ و جوانەکانیدا کە لە کتێبی "فرمێسک و هونەر"دا بڵاوکراوەتەوە، شیعرێکی تایبەتی بە ناوی "دەروێش عەبدوڵڵا" نووسیوە. لەوێدا گۆران بە هەستێکی کوردییانەی قووڵەوە وەسفی سۆزی دەنگ و شمشاڵ و موزیکی دەروێش دەکات و بە "فریشتەی موزیک" ناوی دەبات. گۆرانبلە هۆنراوەی ژمارە پێنجی ئەو کتێبەیدا دەڵێت: "بەڵێ، دیارە، لە ناو قەومی بەسیتا قەدری سنعەتکار، وەکوو عەکسی قەمەر وایە لە ناو حەوزێکی لیخندا"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگە لەو سەردەمەدا وەک پێویست قەدری هونەرمەندێکی گەورەی وەک ئەویان نەزانیوە.


جگە لە لایەنە هونەرییەکە، دەروێش عەبدوڵڵا مرۆڤێکی ڕۆشنبیر و فرەزمان بووە. وەک نووسەر ڕێبوار حەمەتۆفیق ئاماژەی پێدەدات، بە گێڕانەوە لە جەمال بابان و کەسایەتییەکانی دیکەوە، دەروێش عەبدوڵڵا زمانەکانی فارسی، تورکی و هیندی بە باشی زانیوە. ئەمەش نیشانەی تێکەڵاوبوونی ئەو بووە لەگەڵ کەلتوورە جیاوازەکان. تەنانەتببۆ ماوەیەک لە سوپای لیڤی ئینگلیزیدا کاری کردووە. لە ساڵی ١٩٥٥دا، کاتێک تەمەنی ٦٥ ساڵ بووە، لە ماڵی "شێخ محەمەدی مەحوی" ئەلبوومێکی گۆرانی تۆمار کردووە، کە ئێستا وەک سامانێکی نەتەوەیی گرنگ سەیر دەکرێت.


ئەم هونەرمەندە گەورە و گومناوە، لە ساڵی ١٩٥٨دا و لە تەمەنی ٦٨ ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد. تەرمەکەی لە گردی شێخ محێدینی شاری سلێمانی بەخاک سپێردراوە. هەرچەندە لە ژیانیدا وەک پێویست شکۆمەندی بۆ دانەنرا، بەڵام دەقە نەمرییەکەی گۆرانی شاعیر، ناوی دەروێش عەبدوڵڵای بۆ هەمیشە لە مێژووی ئەدەب و هونەری کوردیدا بە نەمری هێشتەوە و وەک ئوستادێکی بێوێنەی شمشاڵ و مەقام ناساندی.


PM:12:16:01/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل