‌ڕێگەی تووڕەیی؛ بۆچی فیلمی "ماد ماکس" شۆڕشی لە سینەمای ئەکشنی مۆدێرندا بەرپا کرد؟

وێستگە ستایل-

ڕێگەی تووڕەیی؛ بۆچی فیلمی "ماد ماکس" شۆڕشی لە سینەمای ئەکشنی مۆدێرندا بەرپا کرد؟


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


فیلمی (Mad Max: Fury Road) توانی بینەرانی سینەما تووشی شۆک بکات، نەک تەنها بە چیرۆکەکەی، بەڵکو بەو دیمەنە ئاکشنە ڕاستەقینانەی کە بێ بەکارهێنانی گرافیکی کۆمپیوتەریی زۆر ئەنجامدرابوون.


ئەم فیلمە کە لە ساڵی ٢٠١٥دا نمایشکرا، باس لە "ماکس" و "فیوریۆسا" دەکات کە هەوڵی هەڵاتن لە دەست پاشایەکی ستەمکار دەدەن لە ناو بیابانێکی بێ کۆتاییدا. فیلمەکە تیشک دەخاتە سەر ململانێی مانەوە لە ژیان لە جیهانێکدا کە ئاو و سووتەمەنی تێیدا بووەتە خەون.


ئەوەی ئەم فیلمەی لە فیلمە ئاکشنەکانی تر جیا دەکردەوە، کەمترین دیالۆگ و زۆرترین گێڕانەوەی بینراو بوو. دەرهێنەر "جۆرج میڵەر" توانی تەنها لە ڕێگەی وێنە و جوڵەوە پەیامە قووڵەکانی فیلمەکە بگەیەنێت، کە ئەمەش هونەرێکی دەگمەنە لە سینەمای ئەمڕۆدا.


ئەم بەرهەمە درێژەپێدەری زنجیرە فیلمەکانی ماد ماکسە کە لە کۆتایی حەفتاکاندا دەستی پێکردبوو، بەڵام ئەم وەشانەیان توانی شەش خەڵاتی ئۆسکار بەدەستبهێنێت و ستایشی جیهانی بۆ خۆی پەلکێش بکات.


ئەمڕۆ فیلمەکە وەک یەکێک لە شاھکارە هەرە مەزنەکانی مێژووی سینەما پۆلێن دەکرێت و بووەتە وانەیەک بۆ دەرهێنەران لە چۆنیەتی دروستکردنی فیلمی پڕ لە جوڵە و مانا.


سەرچاوە: ئەکادیمی ئەواردز، وارنەر برۆس.


PM:10:14:28/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل