‌پێشبینییەکانی کەشناسی بۆ چەند ڕۆژی داهاتوو؛ پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە و شەپۆلێکی خۆڵبارین هەرێم دەگرێتەوە

وێستگە ستایل-

پێشبینییەکانی کەشناسی بۆ چەند ڕۆژی داهاتوو؛ پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە و شەپۆلێکی خۆڵبارین هەرێم دەگرێتەوە


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، نوێترین ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بۆ ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاوکردەوە. بەپێی پێشبینییەکان، ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و چالاکبوونی خێرایی با دەبنەوە، کە ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر دروستبوونی خۆڵبارین لە هەندێک ناوچەی دیاریکراودا.


سەبارەت بە کەشوهەوای ئەمڕۆ دووشەممە، 22ی حوزەیرانی 2026، کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئاسمانی هەرێم بە گشتی ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو کەمێک ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن. لەمڕۆدا خێرایی با لە نێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتردا دەبێت لە کاتژمێرێکدا و ئاراستەکەشی لە باکووری ڕۆژئاواوە بەرەو باکووری ڕۆژهەڵات دەبێت، هەروەها مەودای بینین جێگیر دەبێت و لە نێوان 8 بۆ 10 کیلۆمەتردا دەمێنێتەوە.


بۆ سبەینێ سێشەممە، 23ی حوزەیرانی 2026، چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکاری زیاتر لە کەشوهەوادا ڕووبدات. ئاسمان بە ساماڵی دەمێنێتەوە، بەڵام لە کاتەکانی ئێوارەدا ئەگەری بەرزبوونەوەی خۆڵبارینێکی کەم هەیە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژئاوای هەرێمی کوردستان. پلەکانی گەرما بەردەوام دەبن لە بەرزبوونەوە و پێشبینی دەکرێت 1 بۆ 2 پلەی دیکە بچنە سەر تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ، ئەمەش وای کردووە کەشناسی هۆشداری بدات لە گەرمبوونی زیاتری کەشوهەوا.


لە وردەکارییەکانی تری ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، خێرایی با لە دوای نیوەڕۆی سبەی تا کاتەکانی شەو چالاک دەبێت. لە هەندێک ناوچەی وەک باشوور و ڕۆژئاوای هەرێم، خێرایی با دەگاتە سەرووی 30 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا. ئەم گۆڕانکارییە لە ئاراستە و خێرایی بادا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی مەودای بینین بۆ 6 بۆ 8 کیلۆمەتر، و لەو شوێنانەشی کە تۆزوخۆڵەکەی تێدا چڕ دەبێتەوە، مەودای بینین بۆ 4 بۆ 6 کیلۆمەتر دادەبەزێت.


بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، بەرزترین پلەکانی گەرمای شارەکانی هەرێم بۆ سبەی سێشەممە بەم شێوەیە دەبێت: لە هەولێر بەرزترین پلە دەگاتە 43 پلەی سیلیزی، لە کاتێکدا لە سلێمانی 41 پلە و لە دهۆک 42 پلە دەبێت. شارەکانی زاخۆ، هەڵەبجە و چەمچەماڵ هاوشێوەی هەولێر 43 پلەی سیلیزی تۆمار دەکەن. ناوچەی گەرمیان بەرزترین پلەی گەرما تۆمار دەکات کە دەگاتە 46 پلە، لە بەرامبەریشدا حاجی ئۆمەران بە 31 پلە و پیرمام بە 39 پلەی سیلیزی فێنکترین ناوچە دەبن.


ئەم شەپۆلە گەرمایە و چالاکبوونی بایە هاوکاتە لەگەڵ وەرزی هاوین و پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکانی بۆ چەند ڕۆژێکی داهاتوو بەردەوام بێت. داوا لە هاوڵاتییان دەکرێت، بەتایبەت ئەوانەی کێشەی تەندروستی و هەناسەتوندییان هەیە، لە کاتی بەرزبوونەوەی تۆزوخۆڵ و گەرمای زۆردا ڕێکاری پێویست بگرنە بەر و خۆیان لە تیشکی ڕاستەوخۆی خۆر بپارێزن.


سەرچاوە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان


AM:10:52:22/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 864 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل