گەڵفی مەکسیک چۆن دروست بوو؟ گەشتێک بۆ قووڵایی مێژووی زەویناسی
وێستگە ستایل-
گەڵفی مەکسیک چۆن دروست بوو؟ گەشتێک بۆ قووڵایی مێژووی زەویناسی
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
گەڵفی مەکسیک یەکێکە لە گرنگترین و گەورەترین حەوزە ئاوییەکانی جیهان، کە مێژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ سەدان ملیۆن ساڵ لەمەوبەر و ئەنجامی گۆڕانکارییە گەورەکانی سەر ڕووی زەوییە.
زۆربەی جیۆلۆجیستەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە گەڵفی مەکسیک لە ئەنجامی جوڵەی پلێتە تەکتۆنییەکان دروستبووە، نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، کاتێک هەموو قاڕەکان بەیەکەوە بوون (قاڕەی پانجیا)، لەگەڵ دەستپێکردنی لێکجیابوونەوەی ئەم قاڕەیە، درزێکی گەورە لە نێوان ئەمریکای باکوور و ئەمریکای باشوور و ئەفریقا دروست بوو، کە دواتر بە ئاو پڕبووەوە و ئەم گەڵفەی لێ کەوتەوە.
جگە لە جوڵەی قاڕەکان، بیردۆزێکی تر هەیە کە باس لەوە دەکات کێشانی نەیزەکێکی گەورە لە ناوچەی (چیسکولوب) لە نیمچە دوورگەی یوکاتان کە بووەتە هۆی لەناوچوونی دایناسۆرەکان، کاریگەری هەبووە لەسەر شێوەی کۆتایی ئەم حەوزە ئاوییە، ئەم ناوچەیە بە تێپەڕبوونی کات بووەتە شوێنی نیشتنی بڕێکی زۆر لە ماددە ئەندامییەکان کە وایکردووە ئێستا دەوڵەمەند بێت بە نەوت و غازی سروشتی.
ئەم ناوچە ئاوییە تەنها شوێنێکی جوگرافی نییە، بەڵکو کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کەشوهەوای جیهان هەیە، چونکە (تەوژمی گەڵف) کە ئاوێکی گەرمە، لەوێوە دەستپێدەکات و بەرەو ئەوروپا دەڕوات، ئەمەش هاوسەنگی گەرمی زەوی دەپارێزێت.
دروستبوونی گەڵفی مەکسیک پڕۆسەیەکی درێژخایەن بووە کە ملیۆنان ساڵی خایاندووە و ئێستاش بەهۆی جوڵەی زەوی و گۆڕانی ئاستی دەریاکانەوە، ناوچەکە بەردەوامە لە گۆڕانکاری.
گۆڤاری زانستی (Nature Geoscience)
PM:10:07:20/06/2026
ئهم بابهته 64
جار خوێنراوهتهوه