‌فیلمی Me Before You؛ چیرۆکێکی ڕۆمانسی کە سنوورەکانی قوربانیدان و بڕیاردان تێدەپەڕێنێت

وێستگە ستایل-

فیلمی Me Before You؛ چیرۆکێکی ڕۆمانسی کە سنوورەکانی قوربانیدان و بڕیاردان تێدەپەڕێنێت


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


فیلمی Me Before You کە لە ساڵی ٢٠١٦ بەرهەم هێنراوە، یەکێکە لەو فیلمانەی توانیویەتی ناخ و هەستی بینەران لە سەرانسەری جیهان بهەژێنێت، ئەم فیلمە کە لە جۆری درامای ڕۆمانسییە، باس لە بابەتێکی هەستیار و مرۆیی قووڵ دەکات.


چیرۆکی فیلمەکە باس لە کچێکی گەنج و دڵخۆش دەکات بە ناوی (لویسا کلارک) کە کارێکی بۆ دەدۆزرێتەوە وەک چاودێر بۆ پیاوێکی گەنجی دەوڵەمەند بە ناوی (ویڵ ترەینۆر)، ویڵ کە پێشتر گەنجێکی سەرکێش و چالاک بووە، بەهۆی ڕووداوێکی هاتووچۆوە پەککەوتە بووە و توانای جوڵەی نەماوە، ئەمەش وای لێکردووە بێ ئۆمێد بێت لە ژیان و بڕیاری کۆتاییهێنان بە ژیانی خۆی بدات.


لە درێژەی فیلمەکەدا، بینەر دەبینێت چۆن لویسا هەوڵ دەدات ویڵ قایل بکات کە ژیان هێشتا شایەنی ژیانە، پەیوەندییەکی سۆزداری قووڵ لە نێوان پێکدێت، بەڵام کۆتایی فیلمەکە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو و تراژیدی دەبێت کە دەبێتە جێی مشتومڕی زۆر لەسەر مافی مرۆڤ بۆ بڕیاردان لەسەر ژیانی خۆی و مانای ڕاستەقینەی خۆشەویستی.


ئەم فیلمە لەسەر بنەمای ڕۆمانێکی پڕفرۆشی نووسەر (جۆجۆ مۆیس) دروستکراوە، سەرکەوتنێکی گەورەی لە بۆکس ئۆفیس بەدەستهێنا و ئەکتەران (ئیمیلیا کلارک) و (سام کلافلین) بە نواندنە ناوازەکەیان توانییان بە باشی پەیامی فیلمەکە بگەیەنن.


Me Before You تەنها فیلمێکی ڕۆمانسی نییە، بەڵکو پرسیارێکی گەورە لە مێشکی بینەر دروست دەکات: ئایا خۆشەویستی بەسە بۆ ئەوەی کەسێک ناچار بکەیت لە ئازاردا بژیت؟ ئەم فیلمە وەک کلاسیکێکی ڕۆمانسی هاوچەرخ دەمێنێتەوە.


ماڵپەڕی بنکەدراوەی فیلمە جیهانییەکان (IMDb)


PM:10:05:20/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 64 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل