‌GTA VI: جیهان چاوەڕێی گرانترین و گەورەترین یاری مێژوو دەکات؛ ئایا ١٥٠ دۆلار بۆ کڕینی ئەم ئەزموونە دادپەروەرانەیە؟

وێستگە ستایل-

GTA VI: جیهان چاوەڕێی گرانترین و گەورەترین یاری مێژوو دەکات؛ ئایا ١٥٠ دۆلار بۆ کڕینی ئەم ئەزموونە دادپەروەرانەیە؟


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


دوای زیاتر لە دە ساڵ لە بێدەنگی، چاوەڕوانییەکی بێزارکەر و بڵاوبوونەوەی دەیان دەنگۆ و هەواڵی جیاواز، دواجار یارییەکەی کۆمپانیای "ڕۆکستار" خەریکە دەبێتە ڕاستی و هەوادارانی یارییە ڤیدیۆییەکان لە سەرانسەری جیهان بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ساتێکی مێژوویی دەکەن. ئەم یارییە کە بە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژە کلتووری و تەکنەلۆژییەکانی سەدەی بیست و یەک دادەنرێت، تەنها یارییەک نییە بۆ کات بەسەربردن، بەڵکو بووەتە دیاردەیەکی جیهانی کە ملیۆنان کەس تینووی بیستنی بچووکترین زانیارین دەربارەی.


بەپێی نوێترین پێشبینییەکان و ئەو زانیارییانەی لە ناوەندە تەکنەلۆژییەکانەوە دزەیان کردووە، بڕیارە لە ڕێکەوتی ٢٥ی حوزەیراندا بە فەرمی دەرگای کڕینی پێشوەختە (Pre-order) بۆ یاری GTA VI بکرێتەوە. ئەم وادەیە وەک وەرچەرخانێک دەبینرێت بۆ کۆمپانیای ڕۆکستار تا بتوانێت قەبارەی ئەو خواستە گەورەیە بزانێت کە لەسەر یارییەکە هەیە. هەواداران کە زیاتر لە دە ساڵە چاویان لە شاشەکانە بۆ بینینی بەشێکی نوێ، ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر لە بەدەستهێنانی ئەو خەونە نێزیکبوونەتەوە کە ساڵانێکی درێژە چاوەڕێی دەکەن.


چاودێرانی بواری یارییە ئەلیکترۆنییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆسەی کڕین، ئەگەرێکی زۆر هەیە سێیەم ترەیلەری فەرمی یارییەکە بڵاوبکرێتەوە، کە تێیدا وردەکاری زیاتر دەربارەی نەخشەی فراوانی "ڤایس سیتی" و کارەکتەرە سەرەکییەکان (لویسیا و جەیسن) ئاشکرا دەکرێت. بەڵام ئەوەی بووەتە جێی باسی گەرمی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و نیگەرانی لای بەشێک لە گەیمەرەکان دروست کردووە، نرخی پێشبینیکراوی یارییەکەیە؛ بەشێک لە چاودێران دەڵێن لەوانەیە نرخی وەشانە جیاوازەکانی یارییەکە لە ١٠٠ دۆلارەوە دەست پێبکات و بۆ هەندێک وەشانی تایبەت بگاتە ١٥٠ دۆلار یان زیاتر، ئەمەش بەهۆی ئەو تێچووە خەیاڵییەی کە دەوترێت گەیشتووەتە نزیکەی ٢ ملیار دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی.


مێژووی ئەم زنجیرەیە بۆ ساڵانی نەوەدەکان دەگەڕێتەوە، بەڵام وەرچەرخانە گەورەکە لە ساڵی ٢٠١٣دا بوو کاتێک GTA V بڵاوکرایەوە و توانی هەموو ڕیکۆردە جیهانییەکان بشکێنێت و ببێتە پڕفرۆشترین بەرهەمی کاتبەسەربردن لە مێژوودا. لەو کاتەوە تا ئێستا، جیهانی تەکنەلۆژیا و گرافیک گۆڕانکاری بنەڕەتییان بەسەردا هاتووە. چاوەڕوانییەکان بۆ وەشانی شەشەم تەنها لەبەر چیرۆکەکەی نییە، بەڵکو بۆ بینینی ئاستێکی نوێ لە زیرەکی دەستکرد، کوالێتی وێنە و جیهانێکی کراوە کە هاوشێوەی ڕاستی بێت، کە بڕیارە لەسەر کۆنسۆڵە نوێیەکانی وەک PlayStation 5 و

Xbox Series X|S باشترین ئەدای هەبێت 


لە کۆتاییدا، پرسیارە جەوهەرییەکە ڕووبەڕووی بەکارهێنەران دەبێتەوە: ئایا ئامادەن بڕە پارەیەکی زۆر کە ڕەنگە بگاتە ١٠٠ یان ١٥٠ دۆلار بدەن بۆ کڕینی یارییەک؟ لە کاتێکدا هەندێک پێیان وایە ئەم یارییە شایەنی هەموو نرخێکە چونکە بۆ ماوەی دە ساڵی تر دەیانژێنێت، هەندێکی تریش پێیان وایە بەرزبوونەوەی نرخی یارییەکان بۆ سەروو ١٠٠ دۆلار دەبێتە بارگرانی و نەریتێکی خراپ لە پیشەسازی گەیمینگدا. بەهەر حاڵ، ٢٥ی حوزەیران دەبێتە ڕۆژێکی یەکلاکەرەوە بۆ زانینی ڕاستی و دروستی ئەم پێشبینییانە.


سەرچاوە: پێگەی گەیمینگ ئینتەرناشناڵ و دزەپێکراوەکانی کۆمپانیای ڕۆکستار.


PM:09:40:20/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 56 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل